گومان ده‌كرێت درۆن بێت

“شتێكی سه‌یر به‌ ئاگره‌وه‌ له‌ ئامێدی كه‌وته‌ خواره‌وه‌”

964+
زەید کۆچەر-دهۆک

ئه‌مشه‌و “دووشه‌ممه‌ 6.11.2023” ته‌نێكی نه‌ناسراو، كه‌ له‌ درۆن ده‌چێت، لە ئاسمانی ئامێدی و دێرەلووک بە ئاگرەوه‌ و رەنگێکی سوور لە ئاسمانەوە بینرا و دواتر کەوتە خوارەوە، كه‌ شایه‌تحاڵێك ده‌ڵێت، دەنگێکی گەورەی هەبووە.

شەریف ئامیدی، هاوڵاتییه‌کی گوندی پیرۆزانایە لە سنووری ئامیدی، بە 964ی وت، “نزیکەی کاتژمێر 8:30 خولەک بوو شتێكی سەیر لە ئاسمانی گوندەکەمان بینرا و دواتر کەوتە خوارەوە لە دەشتایی ئه‌ولاتری گوندی (مژێ)، راستییه‌كه‌ی دەنگێکی بەهێزی هەبوو، ئەم شوینەشی لێی کەوتووەتەوە، شوێنێکی مه‌ترسیداری ئەمنییە و کەس ناوێریت لێی نزیک بێت، بۆیە به‌ وردی نازانرێت ئه‌و شته‌ چی بوو له‌وێ كه‌وت”.

عه‌قید دارا جەمال، بەڕێوه‌بەری بەرگریی شارستانی ئامێدی بە 964ی وت، ئه‌مشه‌و ئاگادار کراینەوە، درۆنێک کەوتووەتەوە لە دەشتایی گوندی مژێ لە سنووری قەزای ئامێدی، بەڵام تا ئیستا نازانریت ئایا هی کام لایەن بووە و بەهۆی چی وای لێهاتووە، هیچ پەیوەندییه‌کیش سەبارەت زیانی گیانی به‌ ئێمه‌ نه‌گه‌یشتووه‌”

وتیشی، ئەو شوێنەی ئەم درۆنەی لێی کەوتووەتەوە بناری چیای گارەیە و دەکەوێتە دوای گوندی مژێ و شوینەکە لە لایەنی ئەمنییەوە مەترسییە و کەس ناتوانیت پێی بگات، ئەگەر زیانیشی پێبگات هەندێک جار ناتوانین سەردانی شوێنەکە بکەین، بۆیە تا ئێستا هیچ زیانێکی دیار نییە.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری به‌رگریی شارستانیی ئامێدی ده‌ڵێت، بە پێی ئەو زانیارییە پێیان گەیشتووە، ئه‌وه‌ی كه‌وتووه‌ درۆنه‌، به‌ڵام 964 هێشتا دڵنیا نییه‌ له‌وه‌ی ئه‌و ته‌نه‌ی كه‌وتووه‌، درۆنه‌ یا نا، له‌ ڤیدیۆكه‌شدا زۆر روون نییه‌ ئه‌و شته‌ چییه‌ به‌ ئاگره‌وه‌ ده‌كه‌وێته‌ خواره‌وه‌.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا