سبەی ئاهەنگی دەرچوونی زانکۆی دهۆکی لێ ئەنجامدەدرێت

لەیاریەکەی نێوان دهۆک و زاخۆ زیاتر لە 1300 کورسی شکاون

964+
زەید کۆچەر – دهۆک

دوای گرژییەکانی یاریەکەی دوێنێ شەوی نێوان هەردوو یانەی دهۆک و زاخۆ، زیاتر لە هەزار کورسی شکێندران، و پاشماوەیەکی زۆر لە یاریگای دهۆک بەجێمان، بڕیارە لەهەمان یاریگا بەیانی ئاهەنگی دەرچوانی زانکۆی دهۆک ئەنجامبدرێت و ئەمڕۆ ئەو یاریگایە بە تەواوی ئامادەکرا.

عسمەت خابوور، بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی دهۆک بە 964ی وت، “هیچ بڕیارێک نییە بۆ گۆڕینی شوێنی ئاهەنگی دەرچووانی خولی 28، هەموو ئەو کورسیانەی شکابوون چاککرانەوە و ئێستا ئامادەیە”.

بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی دهۆک دەڵێت، بەیانی چوار هەزار و 507 خوێندکار ئاهەنگی دەرچوون دەگێڕن، ئەو ژمارەیە لە 18 کۆلیژ و 68 بەش خوێندنیان تەواو کردووە.

شڤان محەمەد، بەرپرسی راگەیاندنی یانەی وەرزشی دهۆک بە 964ی وت، بەهۆی رووداوەکانی دوێنی شەو زیاتر لە هەزار و 300 کورسی شکێندراون و کەڵکیان نەماوە و ئەمرۆ دووبارە دانرانەوە.