سبەینێ مامۆستایان دەچنەوە قوتابخانەکان، بەڵام بۆ دەوام نا

+964

ژووری هەواڵ

سبەینێ مامۆستایانی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و راپەڕین دەچنەوە بۆ قوتابخانەکان، بەڵام بۆ دەوام نا، تەنیا موچە وەردەگرن و دەڕۆنەوە، مامۆستایان دەڵێن بە یەک موچە دەست ناکەنەوە بە دەوام.

بەپێی لیستەکەی وەزارەتی دارایی، سبەینێ دووشەممە نۆرەی مامۆستایانە موچەی مانگی هەشت وەربگرن، بەڵام مامۆستا بایکۆتکردووەکان دەڵێن بەیەک موچە رازی نابن و لەبری دەوام خۆپیشاندان دەست پێدەکەن.

گروپی مامۆستایانی ناڕازی لە دوێنێ شەوەوە نوسیویانە کە ئەمڕۆ لە سلێمانی و قەڵادزێ خۆپیشاندان دەکەن، سێشەممەش باقی ناوچە بایکۆتکردووەکانی تری تیا دەبێت.

ئەم بەیانییە پەیامنێرانی 964 لە سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و راپەڕین چوونە لای چەند قوتابخانەیەک، وەک هەفتەکانی پێشوو دەوام نییە و لە بەشێکیان تەنیا پۆلەکانی 12 و 9 دەوامیان هەیە، ئەویش بۆ ئەوەی لە تاقیکردنەوەی وەزاری دوانەکەون.

حکومەت بە هیوای ئەوە بوو ئەم موچەیە شتێک لەبارودۆخەکە بگۆڕێت و مامۆستایان لەو شوێنانەی بایکۆتیان کردووە بچنەوە، بەڵام ئەوان دەڵێن مانگی یانزەیە و تازە هی هەشت وەردەگرین.

وەزارەتی پەروەردە لە رۆژی 13ی ئەیلولەوە دەستپێکردنی دەوامی خوێندنی راگەیاندووە، لە هەولێر و دهۆک و ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران و زاخۆ بەردەوامە، بەڵام لە سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین بایکۆتە.