سەنتەری 122 وا دەڵێت
لەیاریەکەی نێوان دهۆک و زاخۆ 15 کەس بریندارن و برینی یەکێکیان قورسە
964+
هیڤی دێوالی – دهۆک
بەهۆی ئاڵۆزیەکانی ئەمشەوی نێوان هاندەرانی یانەی دهۆک و زاخۆ 15 کەس بریندار بوون و بەشێکیان کارمەندی هێزە ئەمنییەکانن، ئەمە بەپێی وتەی بەڕێوەبەری فریاگوزاری دهۆک.
ئەمشەو لە خولی ئەستێرەکانی عێراق و لە گەڕی سێیەم و لە یاریگای دهۆک هەردوو یانەی زاخۆ و دهۆک یەکسان بوون.
هەیسەم بەربهاری، بەرپرسی راگەیاندنی سەنتەری 122 بە 964ـى وت، 15 کەس لە جەماوەری هەردوو یانە بریندار بوون، و بڕینیان سووکە و چارەسەریان وەرگرتووە.
بەرپرسی راگەیاندنی سەنتەری 122 وتیشی، لەو بریندارانە تەنیا یەکێکیان برینی قورسە چەقۆ بەر سکی کەوتووە و لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی دهۆک چارەسەر وەردەگرێت.
بەوتەی ئەو بەرپرسەی سەنتەری 122 ژمارەیەک پۆلیس لەناو ئەو 15 کەسەن کە بریندار بوون.