"هه‌ر خێزانێك پێنج به‌رمیل نه‌وتى پێویستە"

فه‌رمانگه‌ى ژینگه‌: له‌ سۆران داربڕین به‌لێشاو ده‌ستیپێكردووه‌

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

فه‌رمانگه‌ى ژینگه‌ى سۆران هۆشدارى ده‌دات، ماوه‌یه‌كه‌ به‌لێشاو داربڕین ده‌ستیپێكردووه ‌و ده‌ڵێت پێویسته‌ رێگرى لێبكرێت.

سنووره‌كانى باڵه‌كایه‌تى و برادۆست و دۆڵى مه‌له‌كان له‌و ناوچانه‌ن، كه‌ ئێستا رووبه‌ڕووى داربڕینى به‌لێشاو بوونه‌ته‌وه‌.

هەژار ماهیر، بەرپرسی فەرمانگەی ژینگەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە 964ـى وت، به‌هۆى‌ ده‌ستپێكردنى وه‌رزى سه‌رما له‌ سنووره‌كه‌یاندا لێشاوێكی داربڕین له‌ گوند و ناحیه‌ و قه‌زاكانی ئیداره‌ی سۆران ده‌ستیپێكردووه.

وتیشی “پێشتر لایه‌نى په‌یوه‌ندارمان ئاگادار كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ پێویسته‌ نه‌وتى زیاتر به‌سه‌ر خێزانه‌كانى ئه‌م سنووره‌دا دابه‌ش بكرێت، كه‌ ئه‌مه‌ یه‌كێكه‌ له‌ هۆكاره‌ سه‌ره‌كییه‌كانى داربڕین له‌ سنووره‌كه‌ماندا”.

باسی له‌وه‌كرد، له‌ وه‌رزى سه‌رمدا هه‌ر خێزانێكی سنووره‌كه‌یان پێویستى به‌ پێنج به‌رمیل نه‌وت هه‌یه‌، له‌كاتێكدا حكومه‌ت ته‌نیا یه‌ك به‌رمیل نه‌وتى پێداون.

روونیكرده‌وه‌ به‌شێك له ‌ناوچه‌كان تا ئێستاش پۆلیسی دارستان و پێشمه‌رگه‌ى ژینگه‌ى لێ نییه،‌ بۆیه‌ خه‌ڵك به‌بێ ترس دارى لێ ده‌بڕن، به‌ تایبه‌تیش سنوورى باڵه‌كایه‌تى و ناشناڵ پاڕك و هه‌ڵگورد سه‌كران.

ئاشكراشی كرد به‌م دواییانه‌ له‌لایه‌ن داواكارى گشتییه‌وه‌ نووسراو بۆ ده‌سته‌ى ژینگه‌ نێردراوه‌، كه‌ پێویسته‌ لێپرسینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ى دار ده‌بڕن تووندتر بكرێت، چونكه‌ داواكارى گشتى داربڕینى به‌ مه‌ترسی گه‌وره‌ زانیوه‌.

به‌پێى ئه‌و ئاماره‌ى پێشتر فه‌رمانگه‌ى ژینگه‌ى سۆران بڵاویكردبووه‌وه‌، له‌ ماوه‌ى ساڵانى 2010 تا 2018 به‌هۆى داربڕین و بۆردومانی وڵاتان 40%ـى دارستانه‌كانى سۆران له‌ناوچوونه‌.

کەسێک لە سنووری ئاغجەلەر لەسەر داربڕین دەستگیر کرا

کەسێک لە سنووری ئاغجەلەر لەسەر داربڕین دەستگیر کرا