13 ساڵ چاوەروانی
کارەکانی دەشتی بەهەشت گەیشتە کوێ؟
+964
ئەحمەد شەمزین
دوای سێزدە ساڵ چاوەڕوانی له تەواوبوونی پرۆژەی دەشتی بەهەشت و گۆڕینی بەڵێندەری پرۆژەکە، بەڵام هێشتا کارەکانی ئەو پرۆژەیە تەواو نەبووە و هێشتا روون نییە کەی یەکەکان رادهستی خاوەن موڵکەکان دەکرێن .
چهند پرۆژەیهكی نیوەناچڵ و تەواونەکراو، بەرۆکی هاوڵاتیانی هەرێمی گرتووە و زیانێکی زۆری پێگەیاندوون، کە هەندێکی بۆ بێ بەڵێنی بەڵێندەران و هەندێ جاری دیکەش بۆ چەند ئاستەنگێکی دیکەی دەگەڕێتەوە.
لە کۆبوونەوەیەکی نێوان دەستەی وەبەرهێنان و شاندێکی حکومەتی هەرێمدا باس لەو ئاستەنگەکانە کرا .
بهرگهشت ئاكرەیی، وتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان بە 964ی راگەیاند، لە كۆبوونەوەكە لەگەڵ شاندی ئەنجومەنی وەزیران داوا كراوە دەستەی وەبەرهێنان لەگەل فەرمانگە حكومییەكان وەك وەزارەتی شارەوانی و وەزارەتەكانی دیکەی پەیوەست بە كاروباری وەبەرهێنان، پەیوەندییەکانیان بەرەو باشتر ببەن.
وتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان وتیشی، بڕیار دراوە بە پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەت بە مەبەستی ئاسانکاری بۆ پرۆژەکان و چارەسەری ئەو پرۆژانەی، کە نیوەناچڵن، هەرچەندە بە تایبەتی باسی ئەو جۆرە پرۆژانە نەکراوە.
سەبارەت بە پڕۆژەی “كاپیتۆل”ـیش وتی، كاری لەسەر كراوە و بەڵێندەرەكەش دۆزراوەتەوە، پرۆژەی دەشتی بەهەشتیش خەریكی وردبینی و لێكۆلینەوەین لە گرێبەست و خاوەن پشكەكان ئێستا زیاتر لە %60ی تەواو بووە و كاری زۆرباش كراوە لە رێگەی ئەو لیژنەیەوە دەپرژێنە سەر پڕۆژەكانی دیكه وەك ئینگلش تاوەرز.
پرۆژەی دەشتی بەهەشت لە رۆژهەڵاتی هەولێرە و پێكهاتووە لە 427 ڤێلا و هەزار و 122 شوقە، گوژمەی پرۆژەکە 200 ملیۆن دۆلار بوو، لە ساڵی 2010 مۆڵەت درایە پرۆژەکە و دەبوایە لە ساڵی 2013 تەواو بكرایە، بەڵام وەبەرهێنەرەکەی کە خاوەنی گرووپی كۆمپانیاكانی عادل موتەحیدە بوو، كارهكەی تەواو نەكرد و جێیهێشت.
پێداچوونهوه: شوان عهباس