تەندروستی گشتی گەرمیان. وێنە:964
وەزارەتی تەندروستی بڕیاریداوە
تەندروستیى گەرمیان: رازی نابین بە گواستنەوەی راژەی 14 پزیشکمان
ژووری هەواڵ
بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی گەرمیان رایگەیاند، بڕیارێکی وەزارەتی تەندروستی بۆ گواستنەوەی راژەی 14 پزیشکیان بۆ سەر میلاکی کۆلێژی پزیشکی زانکۆی گەرمیان، زیان دەگەیەنێت بە تەواوی کەرتی تەندروستیی ئیدارەکە و بەمە رازی نابن.
ئەمڕۆ سێشەممە 31.10.2023، راگری کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی گەرمیان رایگەیاند، وەزارەتی تەندروستی بڕیاریداوە راژەی 14 پزیشکی پسپۆڕیان لە گەرمیان بۆ بگوێزێتەوە، بە مەبەستی ئەوەی کێشەی کەمیی میلاکی مامۆستا لە کۆلێژەکەیان چارەسەر بکەن و دەست بە دەوامکردن تێیدا بکرێتەوە.
تەندروستیی گەرمیان راگەیاندراوێکی لە بارەی لێدوانەکەی راگری کۆلێژی پزیشکیی گەرمیان بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، “هەرگیز ئامادە نین ئەو ژمارە زۆرەی پزیشکمان راژەکەیان بگوازنەوە سەر زانکۆ، چونکە ئەگەر وابکرێت ئەی کێ چارەسەری نەخۆشەکانی سنوورەکە بکات”.
بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی گەرمیان دەڵێت، لەو کۆبوونەوەیەدا لە رێکەوتی 16.10.2023 لە نێوان شاندی وەزارەتی خوێندنی باڵا لەگەڵ وەزیری تەندروستی لە هەولێر ئەنجامیانداوە، سەرۆکی زانکۆی گەرمیان و بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی گەرمیان بەشدار نەبوون و ئاگاداری بڕیاری گواستنەوەی راژەی ئەو پزیشکانە نەبوون.
تا ئێستا راژەی 20 پزیشکی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی گەرمیان گواستراونەتەوە بۆ سەر زانکۆی گەرمیان.
تەندروستیی گەرمیان دەڵێت، زانکۆی گەرمیان دەستبەرداری بەشێک لەو 20 پزیشکە بووە، “هاوکاریکردنمان بۆ کۆلێژەکە نابێت بەو شێوەیە بێت، کە زیان بە تەواوی کەرتی تەندروستی بگات و لەبەر کۆلێژێک ئیشوکار و بەرەوپێشچوونی تەندروستی هاوڵاتیان و بەڕێوبەرایەتیی گشتیمان پەکی بخرێت”.