گەنجێکی “دۆ”فرۆش دەیەوێت ببێتە پاڵەوانی جیھان

964+
میلاد جه‌لال – گه‌رمیان

گه‌نجێكی گه‌رمیان، كه‌ كاری فرۆشتنی دۆیه‌، لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا له‌ یاریی موای تای، چەندین نازناوی لەسەر ئاستی جیھان و عێراق بەدەست ھێناوە.

ئەیوب حسین  پاڵەوانی یاریی موای تای بە 964+ی وت، ماوەی هه‌شت ساڵ وەرزشی کینگ بۆکسینگی کردووە، بەڵام ماوەی کەمتر لە ساڵێکە دەستی بە یاریی “موای تای” کردووە، بەشداری چەندین پاڵەوانیه‌تی له‌ عێراق و جیھاندا کردووە، دوای سێ مانگیش له‌ ئاماده‌كاری له‌ یارییه‌كه‌،  پلەی سێیەمی لەسەر ئاستی جیھان بەدەست ھێناوە، کە پاڵەوانیه‌تییەکە لە ئەبوزەبیی پایتەختی ئیمارات به‌ڕێوه‌چوو.

ئه‌یوب حوسێن تاکە کورد بووە بەشداریی پاڵەوانیەتییەكه‌ی کردووە.

ئه‌م له‌م باره‌یه‌وه‌ رایگه‌یاند، زۆر دڵخۆشە بەو ئەنجامانەی بەدەستیان دەھێنێت و بۆ ئەوەی ئاستیشی دانەبەزێت، رۆژانە بەردەوام راھێنان دەکات، لە گه‌یشتن به‌ خەونەکانی ناوەستێت.

 ئاماژەی بەوەش کرد، لە چەند رۆژی رابردوودا لە شاری بابل لە عێراق، بەشداریی پاڵەوانیه‌تییەکی کردووە و پلەی یەکەمی لەسەر ئاستی عێراق بەدەست هێناوە لەسەر ئاستی ٤٢ یانە”.

 ئەیوب جگە لە وەرزشەکەی، لەسەر کاری رۆژانە و بژێوی ژیانی ده‌ڵێت “ئێواران دوای تەواوبوونی راھێنانەکانم، بە ماندوویەتییه‌وه‌ کاتژمێر ٥ ئێوارە تا ٢ی شەو، له‌ ناو بازاڕی کەلار و لەسەر عەرەبانەیەکدا دۆی کورده‌واری دەفرۆشم”.

 ئەو پاڵەوانە دەڵێت، راستە زۆر ماندوو دەبێت، بەڵام بەھۆی ئەوەی کەس نییە پاڵپشتیی بکات لە وەرزشەکەی، ناچارە ئیش بکات و بژێوی ژیانی دابین بکات و بتوانێت بەردەوامی بە وەرزشەکەی بدات.

ئەیوب چاوی لەوەیە سەرکەوتنی زیاتر بەدەست بھێنێت و بە سێیەمی جیھان رازی نییە، دەیەوێت لە وەرزشی  موای تایدا  ببێتە یەکەم و پاڵەوانی جیھان.