به‌دواداچوون…ئاگاداربن لە چێشتخانەكان گۆشتی نەخۆش نەخۆن

964+
دیلان محەمەد – سلێمانی

بەشێك لە چێشتخانەكانی سلێمانی گۆشتی ئاژەڵی نەخۆش دەفرۆشن و تەندروستییش هۆشداری دەدات لە بوونی گۆشتی خراپ لە چێشتخانەكاندا.

تیمی میدیایی 964+ بەدواداچوونی بۆ فرۆشتنی گۆشت لە چێشتخانەكانی سلێمانی كردووە و بە پێی بەدواداچوونەكانیش بەشێك لە چێشتخانەكانی سلێمانی گۆشتی نەخۆش بۆ خواردن ئاماده‌ ده‌كه‌ن و به‌ كڕیارانی ده‌فرۆشن.

لەسەر ئەم بابەتە سەردانی قائیمقامیەتی سلێمانیمان کرد و نوێنەری ڤێتێرنەری باسی لەوەکرد، وەک لیژنە ھاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی ئەو شوێنانەی کە سەرپێچی دەکەن بە تایبەت لە بابەتی گۆشتدا، کە گۆشتی بێ مۆر دەفرۆشن لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت وشوێنەکانیان دادەخرێت، ئةگەر ھەر شوێنێک پابەند نەبێت، ئەوا رووبەڕووی دادگا دەکرێتەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەو کەسانەی گۆشتی نەشیاو بەکاردەھێنن، لەلایەن لیژنەکانیانەوە لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.

کامەران عیزەت نوێنەری ڤێتێرنەری لە لیژنەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی بۆ 964+ وتی: “ئێستا ئامارێک لەبەردەستدا نییە، لەبەر ئەوەی ئەو شوێنانەی سەرپێچی دەکەن و گۆشتی بێ مۆر دەفرۆشن یان سەرپێچی دەکەن، زۆرن”.

باسی لەوەش کرد، پێویستە ھاوڵاتی بزانێت لە کوێ نان دەخوات یان گۆشت دەکڕێت، ئایا ئەو شوێنە مۆڵەتی ھەیە یان پاکوخاوێنە، یان گۆشتی مۆرکراو دەفرۆشێت، ئەوە جیاوازە لەوەی گۆشت لەسەر شەقام بکڕدرێت، کە پشکنینی بۆ نەکراوە.

کامەران عیزەت نوێنەری ڤێتێرنەری لە لیژنەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی

ئاژەڵفرۆشەكانی مەیدانی ئاژەڵان لە سلێمانی نایشارنەوە، بە چاوی خۆیان بینیویانە بەیانیان زوو هەندێك كەس دێن و ئاژەڵی نەخۆش دەكڕن و سەری دەبڕن و دەیبەنەوه‌ ناوشار.

عوسمان حەسەن فرۆشیاری ئاژەڵە لە مەیدانی ئاژەڵان و بە 964+ـی راگه‌یاند، زیاتر قەسابه‌كان دێنه‌لایان و گۆشت دەکڕن و به‌ هاوڵاتیانی دەفرۆشنه‌وه‌.
“ئەو ئاژەڵە نەخۆشانەی لە مەیدانی ئاژەڵان هه‌یه‌، ھەمووی دەچێت بۆ چێشتخانە و دوکانه‌كانی لەفە و گەسەکانی سلێمانی، مانگانە ٢٤٠ تۆن گۆشتی پێویستە لە جۆری ئاژەڵی گەورە و بچووك، یه‌ك مەڕ لە بازاڕدا كێشەی نەبێت و تەندروست بێت بە ٢٠٠ هەزار دینارە، بەڵام مەڕێكی نەخۆش بە ٢٠ هەزار دینارە، جوانەگایەك لە بازاڕدا نرخەكەی یەك ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دینارە، بەڵام جوانەگای نەخۆش بە ١٠٠ هەزار دینارە”، عوسمان حەسەنی  فرۆشیاری ئاژەڵان وای وت.

ئەسعەد ره‌زا فرۆشیارێكی دیكه‌ی ئاژه‌ڵه‌ له‌ مه‌یدانی ئاژه‌ڵانی سلێمانی، ئه‌ویش زانیاریی له‌م باره‌یه‌وه‌ بۆ 964+ ئاشكرا كرد “بەشێك لە ئاژەڵەكان چەق و لاوازن، یان تووشی زەردوویی دەبن و گۆشتەكەیان بە كەڵكی خواردن نایەت، ئاژەڵ چەند جۆرێکی ھەیە، بەرخ و شەک و مەڕ ھەیە، بزن و کار ھەیە و نرخەکانیان جیاوازە، بەرخ بە کۆمەڵ کیلۆی بە شەش ھەزار و ٥٠٠ دینارە و بە دانە بە شەش ھەزار و ٧٥٠ دینارە”.

وتیشی: “ئەو کەسانەی ئاژەڵی نەخۆش دەفرۆشن، دەمێکە ئەو کارە دەکەن و بەیانیان زوو دێن، ئەوەی دەستیان دەکەوێت دەیکڕن و لەولاوە سەری دەبڕن و نازانرێت دەیدەن بە کێ لە سلێمانی، رۆژانە ١٠٠ سەر ئاژەڵی گەورە وەك رەشەوڵاغ و جوانەگا سەردەبڕێت، كە دەكاتە سێ تۆن گۆشت و هەزار سەر ئاژەڵی بچووك، كە پێكدێن لە مەڕو بەران و بەرخ، كە دەكاتە پێنج تۆن”.