لە قۆناغی کۆتاییدایە
ئەوەندەی نەماوە یەکتربڕی بەختیاری تەواو بێت
964+
توانا نەقی
کارکردن لە پرۆژەی یەکتربڕی بەختیاری لە سلێمانی بەردەوامە و قۆناغی کۆتایی پرۆژەکە ئێستا جێبەجێ دەکرێت.
ئەوەی ماوە ئێستا ئەندەر پاسەکەیەتی کە لە قۆناغی کۆتاییدایەو کاری تیادا دەکرێت.
زەردەشت رەفیق وتەبێژی شارەوانی سلێمانی بە 964ـی وت، بە بەردەوام کار لە یەکتربڕی بەختیاری و یەکتربڕەکانی تری سلێمانی دەکرێت، ئەگەر کارکردن وا بەردەوام بێت راستەوخۆ سەرەتای ساڵی تازە پرۆژەکە تەواو دەکرێت و دەکرێتەوە.
وتیشی، هاوشێوەی یەکتربڕی بەختیاری یەکتربڕی ئارامیش لەسەر شەقامی 60 مەتری لە قۆناغی کۆتایی دایە و ئەندەر پاس و شەقامە لاوەکییەکەشی تەواو بووە.
وتیشی، بە گوێرەی گەورەیی ئەو پرۆژانە کاری زۆر باشی تیادا کراوە و بە کەمتر لە ساڵ و نیوێک وا تەواو دەبێت.
لە مانگی ئابی ئەمساڵەوە ئەندەرپاسی بەختیاری لە شاری سلێمانی، هەردوو سایدی هاتن و چوونی شەقامە سەرەکییەکە کراونەتەوە و شۆفێران دەتوانن هاتوچۆی تێدا بکەن.
پڕۆژەی یەکتربڕی باخی بەختیاری بڕی 12 ملیار و 500 ملیۆن دیناری بۆ تەرخانکراوە.
وتەبێژی شارەوانی ئاماژەی بەوەکرد، قۆناغی یەکەم دروستکردنی شەقامی لاوەکی بوو، قۆناغی دووەمیش شەقامە سەرەکییەکە بوو کە تەواو بوو، قۆناغی سێیەمیش بەرزەپردەکەیەتی و بڕیارە بە ماوەیەکی کەمی دوای سەری ساڵ تەواو بکرێت.