ئایا لە كوردستان پێشێلكاری بەرامبەر پێكهاتەكان دەكرێت ؟
+964
كوردستان ئەحمەد – هەولێر
وەزیری پێكهاتەكان له حكومهتی ههرێمی كوردستان دەڵێت، دۆخی پێكهاتەكان لە كوردستان زۆر باشە و نوێنەری جووەكانیش دەڵێت، هەموو پێكهاتەكان مافیان هەیە، ئێمە نەبین.
ئایدن مەعروف، وەزیری كاروباری پێكهاتەكان لە هەرێمی كوردستان بە 964+ـی راگەیاند، “هەموو پێكهاتەكان لە كوردستان مافی سیاسی و كۆمەڵایەتی خۆیان هەیە، هیچ لایەنێك پشتگوێ نەخراوە، هەمووان بە یەكسانی بە ماف و داخوازییەكانی خۆیان گەیشتوون.
بە قسەی ئایدن مەعروف، لە ساڵی رابردوودا هیچ پێشێلكارییەك لە هەرێمی كوردستان بەرامبەر پێكهاتەكان تۆمار نەكراوە.
لە هەرێمی كوردستان حهوت ئایین و پێكهاتەی جیاواز بە فەرمیی تۆمار كراون، كه بریتیین لە “موسڵمان، ئێزدی، كاكەیی، جوو، مەسیحی، زەردەشتی، سابئهی مهندائی”.
رەنج كۆهین، نوێنەری جووەكان لە هەرێمی كوردستان قسەی بۆ 964+ كرد و دەڵێت، “ئەوەی لە كوردستان هەیە كلتوری كوردییە، رێز لە پێكهاتەكان دەگرێت، ئەگەرنا ئێمه هیچ مافێكمان نییە”.
“ئێزدی و مەسیحی و موسوڵمانەكان دەتوانن هەموو چالاكییە ئایینی و كۆمەڵایەتییەكانیان ئەنجام بدەن، بەڵام ئێمە ناتوانین هیچ شوێنێكی تایبەتمان هەبێت و هیچ جۆرە چالاكییەكیش بكەین”، رەنج كۆهین وای وت.
كۆهین ئاماژهی بهوه دا، هەموو پێكهاتەكان بودجەی تایبەتیان لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی هەیە، تەنیا جووەكان هیچیان نییە و نوێنەرەكانیان دەبێت خۆبەخشانە كاربكەن.
لە ١٢ی ئاداری ٢٠٢٢ دا مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، پشتیوانی لە هەموو پێكهاتەكان دەكەن و رێگە نادەن هیچ پێشێلكارییەكیش بەرامبەر بە پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكان بكرێت.