پۆلیس بەدوایاندا دەگەڕێت
لە مێرگەپان 45 بەڕوو بڕدراونەتەوە و دار بڕەکان نادیارن
964+
ژووری هەواڵ
لە سنوری مێرگەپان لەبناری چیای پیرەمەگرون ژمارەیەك دار بەڕوو بڕاونەتەوە و پۆلیس بەدوای دار بڕەکاندا دەگەڕێت.
دارە بڕاوەکان نزیکەی 45 دانەن و لە دوو شوێنی جیاواز لە نزیک یەک بڕدراون، تەمەنیان لەنێوان 15 بۆ 20 ساڵدایە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 26.10.2023، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستانی سلێمانی رایگەیاند، لە رێگەی هەواڵپێدانەوە زانیویان کە چەند کەسێک خەریکی داربڕینەوەن و چوونەتە شوێنەکە.
“پێدەچێت سەرپێچیکاران لەگەڵ هەستکردنیان بە پۆلیسی دارستان، هەڵاتبن چونکە دارەکان و دوو مشاری ماتۆڕی داربڕین جێماون و دەستیان بەسەردا گیراوە”، پۆلیسی دارستانی سلێمانی وا دەڵێت.
پێشتر شارەوانیی سلێمانی سزای بڕینی داری دیاری کردووە و سزاکە بە پێی تەمەنیەتی و بۆ هەر ساڵێک بڕی 100 هەزار دینار وەردەگیرێت.