"بیانوو بۆ حکومەتی عێراق ناهێڵینەوە"
حکومەت دامەزراوەکانی راسپارد و داوای بەردەوامی لە تیمەکەی بەغدا کرد
964+
ئەحمەد مستەفا
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان وەزارەت و دامەزراوەکانی راسپارد، بەردەوام بن لە ھەماھەنگیی دیوانی چاودێریی دارایی بۆ وردبینی، وەزارەتی دارایی و شاندی دانوستانکاریشی راسپارد لە پەیوەندی بەردەوامدا بن لەگەڵ لیژنەی دارایی و وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق.
بە گوێرەی راگەیەندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان بێت، لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ چوارشەممەدا 25.10.2023 ئاماژە بە دیدارەکانی شاندی هەرێمی کوردستان لە بەغداد کراوە، کە تیێدا شاندەکە بە راپۆرتێکی 30 لاپەڕەیی و بە ژمارە و داتا وەڵامی سەرجەم پرسیارەکانی تایبەت بە بودجەی ھەرێمی کوردستانیان داوەتەوە بە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، کە سەرجەم پرسیارەکان لە بارەی داھات و خەرجییەکان، نەوت و دەروازە سنوورییەکان و پرۆسەی وردبینی ھاوبەشی ھەردوو، دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و ھەرێمی کوردستان و میلاکیی گشتی و موچە بووە.
ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی و ئابووری و شاندی دانوستانکاری راسپاردووە کە لە پەیوەندی بەردەوامدا بن لەگەڵ لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران و وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدڕاڵ، بۆ بەرجەستەکردنی ئەو بنەمایانەی کە لە کۆبونەوەی رۆژی 18.10.2023 ی لیژنە دارایی ھەموولایەک لەسەری کۆک بوون، بە تایبەتیش جیاکردنەوەی تەرخانکراوەکانی موچەی ھەرێم لە پێوەری خەرجی راستەقینە ھاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق و ھەموارکردنەوەی مادەکانی پەیوەندیدار بەم بابەتە لە یاسای بودجە.
لە کۆبوونەوەکدا، بەڕێوەبەری گشتی لە دیوانی چاودێری دارایی ھەرێمی کوردستان میوانداریی کراوە، کە لە دەرەنجامی وردبینییەکانیان، سێ راپۆرتی ھاوبەشی ھەردوو دیوانی چاودێری پێشکەشکراون کە یەکەمیان تایبەتە بە داھات و خەرجیەکان بە گشتی و راپۆرتی دوومیش سەبارەت بە نەوتە و دوا راپۆرتیش تایبەتە بە میلاکی گشتیی ھەرێم و بڕی موچەکان، کە لەو راپۆرتەدا، دوای وردبینی ھەردوو دیوانی چاودێری، ژمارەی موچەخۆرانی ھەرێم و بڕی موچەکانیان پشتڕاست کراونەتەوە.
لە راگەیەندراوەکەیدا ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەم پرۆسەیەش ھەر لەو پێناوەدایە کە ھەموو لایەک لە راستی و دروستی داتا و زانیاریی و ژمارەکان دڵنیاببنەوە و ھیچ بیانوویەک بۆ حکومەتی فیدراڵ نەھێڵرێتەوە، کە بەربەست دروست بکەن لە خەرجکردنی شایستە داراییەکانی ھەرێم.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، ئەنجومەنی وەزیران گشت وەزارەت و دامەزراوەکانی حکومەتی ھەرێمی راسپاردووە، “بەردەوام بن لە ھەماھەنگیی و ھاوکاریی دیوانی چاودێریی دارایی و کارئاسانیی بۆ دەستە ھاوبەشەکانی وردبینیان و وەرگرتنی رێکاریی پێویست بۆ تێبینی و سەرنجیی تەکنیکی ژمێریاریی و دارایی تاوەکوو ھیچ بیانوویەک بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ نەھێڵرێتەوە”.