شاره‌وانیی خانه‌قین به‌رامبه‌ر فرۆشیاره‌كانی شه‌قامی مه‌حكه‌مه‌ ده‌سته‌وه‌ستانه‌

+964

راژان باجەڵان – خانەقین

گرنگترین شەقامی ئیدارەی خانەقین کە نزیکەی نۆ فەرمانگەی حکومی و دوو پێگەی حزبی و ئۆفیسی میدیایی چەند کەناڵێکی لە خۆ گرتووە، بووەتە بازاڕی فرۆشیارە گەڕۆکەکان

شەقامی (حاکم رەشید باجەڵان ) ناسراو بە شەقامی مەحکەمە لە قەزای خانەقین، ژمارەیەک فەرمانگەی حکومی لەخۆگرتووە، بەیانیان تا تەواوبوونی دەوامی فەرمانگەکان ژمارەیەک لە سەوزە و میوە فرۆشەکان ئەو شەقامە پڕ دەکەن بۆ ساغکردنەوەی شتومەکەکانیان، کە ئەوەش لە خۆیدا سیمایەکی ناشیرینی داوەتە شوێنەکە

ئەمیر خانەقینی، چالاکوانێکی خانەقینە و بە 964ی وت ، “لەگەڵ بڕینی رزقی خەڵک نیم، بەڵام پێویستە حکومەتی خۆجێیی شوێنێک بۆ ئەم کاسبکارانە دروست بکات چونکە پەرت و بڵاویان لەسەر شەقامەکە سیمای شارەکەی زۆر تێکداوە”.

غەسان باجەڵان بەڕێوەبەری شارەوانیی خانەقین بە 964 ی وت، چەندین جار لیژنەکانی شارەوانی ئەم فرۆشیارانەیان لەو شەقامە دوورخستووەتەوە و زۆر جار سزاش دراون، بەڵام دیارە ئەوان سوورن لەسەر کارەکانیان و لە جارانی داهاتوودا سزاکان قورستر دەبێت بۆیان.

شەقامەکە گەڕەکی حەی رەمەزان دەکاتە دوو پارچەوە و گەڕەکی شورتە بە پاشا کۆپری دەبەستێتەوە و یەکەمین شەقامە، کە ناو قەزای خانەقین بە دەروازەی باکوور دەبەستێتەوە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا