تایبەتە بە مادەی هۆشبەر
سەنتەری مەیدانی بۆ چاکسازییەکانی ژنان و منداڵان دروست دەکرێت
964+
پێشەوا محەمەد
بە مەبەستی هۆشیارکردنەوە و چارەسەرکردنی نەوجەوانان لە مەترسییەکانی مادەی هۆشبەر، ئەنجومەنی چاودێریی نەوجەوانان بڕیاری دامەزراندنی سەنتەری بچووکی مەیدانی داوە بۆ ناو چاکسازییەکان.
ئەنجومەنەکە دوێنێ سێشەممە 24.10.2023 کۆبووەتەوە و ئەو بڕیارەی داوە.
ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتی چاکسازییەکانی هەرێم بە 964ـی وت، “ئەو سەنتەرانە بە شێوەی مەیدانی بەسەر چاکسازییەکانی ژنان و منداڵاندا دەگەڕێن و هۆشیارییان دەدەنێ و چارەسەری پێویستیان پێشەکەش دەکەن بەرامبەر مەترسییەکانی مادەی هۆشبەر”.
وتیشی، “سەنتەرەکان لە هەرسێ چاکسازییەکانی ژنان و منداڵان لە هەرسێ پارێزگای هەولێر و سلێمانی و دهۆک بوونیان دەبێت”.
ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم رایگەیاند، لە ماوەی پێنج مانگی کۆتایی ئەمساڵدا نزیکەی هەزار کەسیان بە تۆمەتی بازرگانیکردن و کێشانی مادەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان دەستگیر کردووە.