دەیانویست دارەکان بفرۆشنە دوکانەکانی ماسی برژاندن
دوو کەس دەستگیرکراون داریان لە کەژ و کێوی زاوێتە نەهێشتووە
964+
زەید کۆچەر-دهۆک
درەنگانی شەوی رابردوو، هێزی پێشمەرگەی پاراستنی ژینگەی دهۆک دوو کەسیان دەستگیرکردووە، کە زیاتر لە 100 بنەداری مازووی تەڕیان لەسنوری زاویتە بڕیوەتەوە.
هێزی پێشمەرگەی پاراستنی ژینگە زیاتر لە 15 رۆژە بەدوای ئەم دوو کەسە دەگەرێن، دواجار شەوی رابردوو دۆزیویانەتەوە و لەکاتی دەستگیرکردنیاندا، دەستگیراوە بەسەر یەک پیکاب دار.
عەبدولستار عەبدولحەمید، وتەبێژی هێزی پێشمەرگەی پاراستنی ژینگە لە دهۆک بە 964ـی وت، “ئەو دوو کەسە دارێکی زۆریان لەو کەژ و کێوە بڕیوەتەوە و دەیانفرۆشتە دوکانەکانی ماسی برژاندن و باخەکان”.
بەوتەی ئەو وتەبێژە، ئەوان 15 رۆژە، شەو و رۆژیان لەسەر یەک داناوە بۆ دەستگیرکردنیان، تا دوێنێ شەو دەستگیرکراون، ئەو دوو داربڕە رادەستی پۆلیس کراون و رووبەڕووی دادگا دەکرێنەوە.
بەپێی زانیارییەکان ئەو دوو کەسە هەر پیکابێک داریان بە 100 بۆ 150 هەزار دینار فرۆشتووەتە دوکانەکانی ماسی برژاندن و خاوەن باخەکان.
عەبدولستار عەبدولحەمید ئەوەش دەڵێت، بڕیاریانداوە لەمەوبەدوا رۆژانە لەلای دوکانی ماسی برژاندن چادوێر دابنێن بۆئەوەی هەر داربڕێک داری پێ فرۆشتن دەستگیربکرێن.
پیکابێک داری تەمەن 80 ساڵانی بڕیوەتەوە و دەستگیر کرا
پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر