دیمەنێک کە دراوی 25 هەزار دیناری عێراقی نیشان دەدات - وێنە: 964
تاوەکو 150 ملیۆن دینار دەدرێت
ئەمشەو کۆتا دەرفەتی پڕکردنەوەی لینکی پرۆژەی قەرزی گەشانەوەیە
964+
فەهمی نەبی
حکومەتی هەرێم رایگەیاندووە، ئەمرۆ یەکشەممە کۆتا رۆژی ناو تۆمارکردنە لە پڕۆژەی قەرزی گەشانەوە.
پڕۆژەی گەشانەوە لە 25.9.2023 لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە راگەیەندرا و ھەرکەسێک کە خاوەن کۆمپانیای بچووک و مامناوەند یاخود پڕۆژەی کشتوکاڵی بێت، دەتوانێ لە پڕۆژەی گەشانەوە بە بڕی 20 بۆ 150 ملیۆن دینار قەرز وەرگرێت بۆ فراوانکردنی کارەکەی.
کۆژان یاسین، سەرپەرشتیاری پڕۆژەی گەشانەوە بۆ 964 وتی، ئەمشەو سەعات 12:00 ئەو پەنجەرەیە دادەخرێت کە بۆ قەرزی گەشانەوە کراوەتەوە.
بەپێی وتەی کۆژان یاسین، دوای وەستانی لینکەکە راستەوخۆ ئەوانەی وەردەگیرێن سوودمەند دەبن لە پارەکە و لە نزیکترین کات پارەکە وەردەگرن، بەڵام هێشتا نازانرێت ژمارەی ئەوانەی بەشداربوونە لەو پڕۆژەیە چەندن.
بە پێی رێنماییەکان، ئەو کۆمپانیایانەی کە دەتوانن سوودمەندبن لە وەرگرتنی ئەو قەرزە، دەبێت ژمارەی کارمەندەکانی کەمتر بێت لە 100 کەس، ھەروەھا دەبێت ئەزموونی ساڵێکی ھەبێت لەو بوارەدا و بزنسەکەشی تۆمار کرابێت. هەروەها ئەو کەسە تەمەنی لەنێوان 21 بۆ 60 ساڵ بێت و خەڵکی هەرێمی کوردستان بێت.
بەوتەی سەرپەرشتیارانی پڕۆژەکە، ئەو کەسانەی بەشداری پڕۆژەکە دەبن دەبێت لەماوەی سێ ساڵدا قەرزەکانیان بدەنەوە و هیچ زیادەیەک ناچێتە سەر ئەو پارەیەی وەریدەگرن.