بەشی رۆژئاوای بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی کارەبای سلێمانی _ وێنە: 964
کێشەتان هەبوو بچنە کارەبای رۆژئاوا
پریپەید گەیشتە ناوچەی پیشەسازی یەک لە سلێمانی
ئەحمەد مستەفا
کارەبای سلێمانی، ناوچەی یەکی پیشەسازی شارەکەی کرد بە کارەبای پریپەید، داواشدەکات دوکاندارەکان ئەگەر هەر کێشەیەکیان هەبوو سەردانیان بکەن.
کارەبای ئەو ناوچانە دەکەونە سەر فیدەرەکانی 58+50+50م، بەوتەی سیروان محەمەد وتەبێژی کارەبای سلێمانی بێت بۆ 964، “کارەبای ئەو ناوچانە لە 18.10.2023-ەوە کەوتووەتە بواری جێبەجێکردن و سیستمی کارەبایان بووە بە کارت (پریپەید)”.
کارەبای سلێمانی، بنکەی فرۆشتنی کارتی پریپەیدی لە ناوچەکە کردووەتەوە، سیروان محەمەد وتی، هەر پیشەوەر و دوکانێک کێشەی هەبوو یان هاوبەشی کارەبا یان پێوەری نەبوو، سەردانی بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی کارەبای رۆژئاوای سلێمانی بکات لە پشت دادگای سلێمانی گرفتەکەی بۆ چارەسەر دەکرێت.
سیستەمی پریپەید لە رێگەی پێوەری زیرەکی کارەباوە جێبەجێ دەکرێت و بەوتەی بریکاری وەزارەتی کارەبا کامیل قەزاز بێت، “ملیۆنێک و 300 هەزار پێوەری زیرەک بۆ کۆی نزیکەی ملیۆنێک 800 هەزار هاوبەشی کارەبا لە هەرێمی کوردستان بەستراون و ئەکتیڤ کراون”.
نرخی کارەبا بە سیستمی پریپەید بە هەمان نرخی پێشووە، بەڵام کارەبایەکی 24 کاتژمێری دابین دەکرێت، ئەوە لە کاتێکدایە ژێرخانی کارەبای هەرێم توانایی بەرهەمهێنانی زياتر لە حەوت هەزار مێگاوات کارەبای هەیە.