هێشتا زیانە گیانیەکان دیارنین
بنکەی عەین ئەسەدی ئەمریکیەکان لە ئەنبار بۆردومان کرا
964+
ژووری هەواڵ
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە درۆن و رۆکێت هێرشکرایە سەر بنکەی عەین ئەسەد لە رۆژئاوای شاری ئەنبار کە بنکەی هێزە ئەمریکیەکان و وڵاتانی هاوپەیمانە.
ئاژانسی رۆیتەرز دەڵێت، دەنگی چەند تەقینەوەیەک لەناو بنکەکە بیستراوە ئەم زانیاریە دوو سەرچاوەی ئەمنی پشتڕاستیانکردووەتەوە.
سوپای عێراق ناوچەی شوێنی موشەکەکانیان داخستووە و لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە، هێشتا دیارنییە لە ئەنجامی ئەو هێرشە زیانی گیانی هەبووە یان نا.
لەماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا ئەوە سێیەم هێرشە دەکرێتە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە.
CNN رایگەیاندووە، لەهەمان کات کەشتیەکی جەنگی ئەمریکیەکان لەنزیک یەمەن چەند موشەکێکی ئاراستە کراوە و وازانراوە ئەو موشەکانە لە یەمەنەوە ئاراستەیان کرابێت.
دوێنێ چوارشەمە بە سێ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرشکرایە سەر بنکەی سەربازی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار و فڕۆکەخانەی سەربازی هەریر لە هەولێر، بریندار هەبوون، بەڵام بەگوێرەی راگەیەندراوی سوپای ئەمریکا برینەکان سەخت نین.