ئەندریا کارزان، پاڵەوانی تێنسی سەرمێزی ئاسیا. وێنە:964+
لە تێنسی سەرمێز
بەهرەمەندێکی کورد نازناوی پاڵەوانێتی خۆرئاوای ئاسیای بەدەستهێنا
964+
یادگار محەمەد – سلێمانی
بەهرەمەندێکی کورد لە پاڵەوانێتی تێنسی سەرمێزی خۆرئاوای ئاسیا پلەی یەکەمی بەدەستهێنا.
ئەندریا کارزان منداڵە بەهرەمەندەکەی تێنسی سەرمێزی هەڵبژاردەی عێراق لە پاڵەوانێتی هۆپس بۆ بەهرەمەندانی ئەو یارییە کە لە وڵاتی لوبنان بەرێوەچوو، پلەی یەکەمی سەر ئاستی تەمەنی خۆی بەدەستهێنا و بەو ئەنجامەش گەیشتە قۆناغی کۆتایی پاڵەوانێتی ئاسیا.
کارزان محەمەد باوکی ئەندریا و لە هەمان کاتیشدا راهێنەری ئەو بەهرەمەندە کوردە بە 964ـی وت، “هەم وەک باوکێکی دڵسۆز و خەمخۆر و لە هەمان کاتیشدا وەک راهێنەرێکی بەئەزموون دوو ئەرکی گەورەم لەسەر شان بووە، توانیم کوڕەکەم لەو تەمەنە بچوکەدا بکەمە پاڵەوانی خۆرئاوای ئاسیا”.
وتیشی، ئەندریا وەک بچوکترین یاریزانی پاڵەوانێتییەکە توانی پلەی یەکەم بەدەست بهێنێت و گەیشتە قۆناغی کۆتایی پاڵەوانێتی ئۆپسی ئاسیا کە ساڵی داهاتوو ئەنجام دەدرێت و تەنیا پێنج یاریزان چانسی ئەوەیان دەبێت کە دەستنیشان بکرێن بۆ ریزی هەڵبژاردەی ئاسیا.
ئەندریا کارزان ساڵی 2014 لە شاری سلێمانی لە دایک بووە و لە ساڵی 2020-ەوە دەستی کردووە بە یاری تێنسی سەرمێز، ماوەی دوو ساڵە لە ئاستی تەمەنی خۆی یەکەمی عێراقە و لە پاڵەوانێتی بەهرەمەندانی خۆرئاوای ئاسیاش کە لە رۆژانی 12 تا 19ـی ئەم مانگە لە وڵاتی لوبنان بەرێوەچوو، ئەندریا کارزان پلەی یەکەمی بەدەستهێنا.