دیمەنێک لە فرۆشتنی تەماتە لە دەشتی پێنجوێن _ وێنە: 964
هۆکار چییە؟
لە پێنجوێن نرخی تەماتە فڕیووە
964+
کامیار کەمال – پێنجوێن
دوو رۆژە نرخی تەماتە لە قەزای پێنجوێن لە سەروو یەک هەزار دینارەوە مامەڵەی پێوەدەکرێت و ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە هەندێک جێگا یەک کیلۆی بە هەزار و 700 دینار فرۆشرا.
ئەم هەڵکشانە لە نرخی تەماتە، بە جۆرێکە کە هەر کیلۆیەک تەماتە نزیکەی یەک هەزار دیناری چووەتە سەر نرخەکەی، کە پێشتر نرخی یەک کیلۆیی بە 500 دینار بۆ 700 دینار بوو.
ئەمڕۆ پێنج شەممە 19.10.2023، محەمەد ئەنوەر، خاوەن فرۆشگەی یەکێک لە عەلوەکانی قەزای پێنجوێن بە 964ی وت، “لە ماوەی ئەم دوو رۆژەدا نرخی تەماتە نزیکەی هەزار دینار بەرزبووەتەوە و هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە ئێرانەوە تەماتە هاوردە ناکرێت”.
قەدەغەی هاوردەی تەماتە نرخەکەی بەرزکردووەتەوە
بەوتەی ئەو فرۆشیارە بێت، “بەهۆی دابەزینی پلەکانی گەرماشەوە بەرهەمی تەماتە لە قەزای پێنجوێن کەمبووەتەوە و نزیکە لە کۆتایی هاتنی وەرزی کشتوکاڵی، لەبەر ئەوە نرخی تەماتە گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی لە ئەمساڵدا”.
پەیامنێری 964 لە قەزاکە سۆراغی کرد، دەرکەوت نزمترین نرخی تەماتە بە کۆ، ئەمڕۆ پێنجشەممە 800 دینارە، لە کاتێکدا هەفتەی رابردوود بەرزترین نرخی تەماتە کە تۆمار کرابێت 600 دینار بووە بە نرخی کۆ.
بەرزبوونەوەی نرخی تەماتە لە کاتێکدایە، لە رۆژی 19ی ئەیلولی ئەمساڵ ژمارەیەک لە جوتیارانی قەزاکە، بەهۆی ساغنەبوونەوە و هەرزانی نرخی تەماتەوە سەردانی بەغدایان کردوو لە بەردەم وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق گردبوونەوە و داوایان کرد هاتنی تەماتە لە ئێرانەوە رابگیرێت.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا