چوار جۆرن

سێوە تامدارەکانی بەرواری باڵا لە فێستیڤاڵێک نمایش دەکرێن

964+
هیڤی دێوالی – دهۆک

وا بڕیارە سێوە تامدار و زەرد و سوورەکانی بەرواری باڵا بخرێنە فێستیڤاڵێکی بەرهەمە ناوخۆییەکان و بۆماوەی سێ رۆژ نمایشبکرێت.

ئەوانەی ئارەزووی بەشدارییان هەیە لەو فێستیڤاڵە، رۆژانی 25 تا 27ی ئەم مانگە لە کۆمەڵگەی بریڤکای ناحیەی کانی ماسێ بەڕێوەدەچێت.

فەهمی باڵایی وتەبێژی فێستیڤاڵی بەرهەمی خۆماڵی دەڤەری بەرواری باڵا بۆ 964 قسەیکردووە دەڵێت، لە فێستیڤاڵە سێ رۆژییەکە جگە لە بەرهەمی ناوخۆیی سێوی بەرواری باڵا بەهەر چوار جۆرەکەی نمایش دەکرێت.

بەوتەی فەهمی باڵایی، فێستیڤاڵەکە 50 رەشماڵ لەخۆدەگرێت، ژێر هەر رەشماڵێک بۆ دوو جوتیار دەبێت، جگە لە پێشکەشکردنی بەرهەمی ناوخۆیی هەڵپەڕکێی کوردیش نمایش دەکرێت.

ساڵانێکە بەرواری باڵا بە “سێو” بەناوبانگە، لە فێستیڤاڵەکە چوار جۆری سێو نمایش دەکرێت، ئەوانیش سێوی ئەمریکان، گۆڵدن، لوبنانی و هاوینی، سێوە تامدار و ئاودارەکان بە رەنگی سوور، زەرد و سەوز بەردەست دەبن.

سێوی ئەمریکان، گۆڵدن، لوبنانی شەتڵەکانیان لە دەرەوەی کوردستان هێنراوە بۆیە ناوەکانیان هەر بەمجۆرە رۆیشتووە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کشتوکاڵی دهۆک لە ساڵی رابردوو تەنیا لە دەڤەری بەرواری باڵا نزیکەی سێ هەزار تۆن سێو بەرهەم هەبووە، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی سەرما پێشبینی دەکرێت کەمتر لەو رێژەیە بەرهەمی سێو هەبێت.

سێوی بەرواری باڵا ئامادەیە بۆ بازاڕەکانی جیهان

سێوی بەرواری باڵا ئامادەیە بۆ بازاڕەکانی جیهان

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی