دوای لیژنەی پشکنین
یانەی نەورۆز بەفەرمی رێگەپێدانی لە پرۆلیگی عێراق پێدرا
964+
یادگار محەمەد – سلێمانی
یانەی وەرزشی نەورۆز بە فەرمی رێگەپێدانی وەرگرت بۆ بەشداریکردن لە خولی پرۆلیگی عێراق.
لیژنەی تەراخیسی سەربە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق دوای بەسەرکردنەوەی یانەی وەرزشی نەورۆز و لێکۆلینەوە لە گشت کاروبارەکانی یانەکە، دواجار رێگەپێدان درا بە یانەی نەورۆز بۆ بەشداریکردن لە وەرزی نوێی خولی پرۆلیگی عێراق.
دوای ئەو رێکەوتنەی یەکێتی تۆپی پێی عێراق لەگەڵ خولی لالیگای ئیسپانی کردی، بڕیاردرا خولی نایابی عێراق پلەیەک سەرکەوێت و لەمەوبەدوا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دانپێدانراو دەبێت و ناوی لێنراوە خولی پرۆلیگی عێراق.
جێگر عەبدوڵا سەرپەرشتیاری تیپی تۆپی پێی یانەی نەورۆز بە 964ـی وت، دوای جێبەجێکردنی گشت داواکارییەکانی فیدراسیۆنی عێراق بۆ خولی ئەمساڵ لیژنەی تەراخیس ئەمرۆ پێنجشەممە بەفەرمی بلیتی رێگەپێدانی پێبەخشین.
وتیشی، کەم و کورتییەکانی یاریگای سلێمانی چاککراون و بۆ ئەمساڵ هەر لە سەرەتاوە یارییەکانیان لە یاریگای سلێمانی ئەنجام دەدەن.
یانەی نەورۆز بووە دوا یانەی هەرێمی کوردستان کە رێگەپێدانی لیژنەی تەراخیسی بۆ وەرزی نوێ بەدەستهێنا، دوای ئەوەی هەریەک لە یانەکانی هەولێر و زاخۆ و دهۆک بەشداری وەرزی نوێ دەکەن.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی