لە 30 تا 150 هەزار دیناریان پێدەدرێت
حەوت ملیۆن هاوڵاتی عێراق چوونەتە ناو تۆڕی چاودێریی کۆمەڵایەتییەوە
964+
پێشەوا محەمەد
بە پێی دوایین زانیارییەکانی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق، حەوت ملیۆن هاوڵاتی چوونەتە ناو تۆڕی چاودێریی کۆمەڵایەتییەوە.
ئەوانەی خراونەتە ناو سیستمەکەوە ئەگەر قوتابی قۆناغە سەرەتاییەکان بن مانگانە 30 هەزار دینار و ئەگەر بڕوانامەی بەکالۆریۆسیان هەبێت 100 هەزار دینار و ئەگەر خاوەن بڕوانامەی ماستەر و دکتۆراش بێت 150 هەزار دیناریان پێدەدرێت.
ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق بە رۆژنامەی سەباحی نیمچەفەرمیی عێراقی راگەیاندووە، ئەو کارە لە کارنامە سەرەکییەکانی حکومەت بووە بۆ دەستگرتنی هاوڵاتییەکانی و جێبەجێکردنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی.
وتوشیەتی، “وەزارەتەکەی لەگەڵ وەزارەتەکانی تر لەسەر هێڵە تا خزمەتگوزاری بێبەرامبەر بۆ ئەوانە دەستەبەر بکرێت کە لەناو تۆڕی چاودێریی کۆمەڵایەتیدان”.
بەپێی ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عێراق، 10 ملیۆن هاوڵاتی عێراق لەخوار هێڵی هەژارییەوەن.
دارا سێکانیانی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە 964ـی وت، “بەشێکی زۆری ئەو بڕیارانەی لایەنی داراییان هەیە و حکومەتی حێراق دەریدەکات هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە”.