964+
ئاسایش وەڵامیان دەداتەوە
خانەوادەیەک: ئاسایش پێنج ساڵ لەمەوبەر کوڕەکەیان کوشتووین
964+
رێژوان مامە قادر – سلێمانی
کەسوکاری گەنجێکی تەمەن 17 ساڵەی دانیشتووی چەمچەماڵ دەڵێن، ساڵی 2018 کوڕەکەیان لە لایەن ئاسایشەوە کوژراوە، بەڵام ئاسایشی سلێمانی دەڵێت: راست نییە.
کەسوکاری ئەو کوڕە ئەمڕۆ سێشەممە 17.10.2023 چوونەتەوە بۆ بەردەم دادگای سلێمانی بۆ یەکلایکردنەوەی کەیسی کوڕەکەیان.
964 لە زاری کەسوکارەکەیەوە دەزانێت، ئەو کوڕە ناوی محەمەد شەریف عەبدولڕەحمان بووە و مانگی دووی ساڵی 2018 لە لایەن ئاسایشی چەمچەماڵەوە دەستگیرکراوە.
شەریف عەبدولڕەحمان، باوکی کوڕەکە بە 964ی وت، “ئەوکاتە ئاسایش پێی وتم، لەسەر نووسینی کۆمێنتێک کوڕەکەت بۆ دوو رۆژ لامان دەبێت، بەڵام دوای پێنج شەش رۆژ تەرمەکەیان دامەوە”.
ئەو هاوڵاتیە ئەوەش دەڵێت، “شوێنی ئەشکەنجە و کارەبا لێدان بە جەستەی کوڕەکەمەوە بوو و راپۆرتی پزیشکی دادیش سەلماندی کوڕەکەم کوژراوە و ئاسایشیش کامێراکانی نەداینەوە وتی لەو ماوەیەدا ئیشی نەکردووە”.
964 لەسەر ئەو بابەتە پەیوەندی بە دەزگای ئاسایشی هەرێم – سلێمانیەوە کرد، سەلام عەبدولخالق، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم – سلێمانی بە 964ی راگەیاند، ئەو خێزانە زوو زوو کۆنگرەی رۆژنامەوانی دەکەن.
وتەبێژی دەزگای ئاسایش دەڵێت، “ئەو کەیسەی باسی دەکەن راست نییە”.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی