"ئاوی دەربەندیخان پیسە و بۆ خواردنەوە نابێت"

رێکخراوێکی ئەمریکی: پیسبوونی ئاو لە عێراق و هەرێم وەک داعشی دووەم وایە

964+

پێشەوا محەمەد

قایمقامی دەربەندیخان هۆشداری دەدات لە خواردنەوەی ئاوی دەربەندیخان و دەڵێت، چی پاشەڕۆی تەندروستی، بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی و هەڵەبجەیە دەچێتەوە ناو بەنداوی دەربەندیخان.

پەیمانگای ئەمریکی بۆ ئاشتی U.S. Institute of Peace بەدواداچوون بۆ هۆکاری پیسبوونی ئاوی دەربەندیخان کردووە و وەک قایمقامی دەربەندیخان ئاماژەی پێدەدات، دەیانەوێت لە پیسبوونی ئاوی شارەکەدا یارمەتیی شارۆچکەکە بدەن.

“ئەوان دەڵێن پیسبوونی ئاو لە عێراق و هەرێم وەک داعشی دووەم دەبینن و پلانیان هەیە رووبەڕووی ببنەوە، بەڵام روون نییە تا ئێستا ئەوان دەتوانن چی بۆ ئێمە بکەن”، ئەوە قسەی سلێمان محەمەد، قایمقامی دەربەندیخانە بۆ 964.

دەشڵێت، ساڵانی رابردوو کاتێک ئاو زۆربووە و بەنداوەکە سەرڕێژی کردووە ئاوەکە لە پیسی، پاک بووەتەوە، “بەڵام هەتا ئاو کەمتر بێتەوە پیسبوون زیاتر دەبێت لە بەنداوی دەربەندیخاندا”.

سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی دانیشتوانی شارۆچکەی دەربەندیخان بەنداوەکەیانە.

قایمقامی دەربەندیخان وتیشی، “ئاوەکە چەندان مادەی کانزایی و کیمیایی تێدایە کە زیانی گەورە بە تەندروستیی مرۆڤ دەگەیەنن”.

پڕۆژەیەکی پاڵاوتنی ئاو لە دەربەندیخان هەیە، بەڵام هێشتا تەواو نەبووە و چەند جارێک کارکردن تێیدا وەستاوە و کارەکانی بە سستی دەڕوات.

“هەر چاوەڕێین کۆمپانیاکە کارەکانی بکات و ئەو پاڵاوگەیە دەربەندیخان لە ئاوی پیس رزگار دەکات”، ئەوە قسەی قایمقامی دەربەندیخانە.

هەوڵەکان بۆ تەواوکردنی پرۆژەی پاڵاوتنی ئاوی دەربەندیخ...

هەوڵەکان بۆ تەواوکردنی پرۆژەی پاڵاوتنی ئاوی دەربەندیخان بەردەوامە