بازاڕی کەنیسە

“شڤان” و شارەوانی شەقامێکی زاخۆیان سەوز کرد

964+

شڤان عەبدوڵا- زاخۆ

شارەوانیی زاخۆ بە پێشنیاری دانیشتوویەکی شارەکە بڕیاری سەوزکردنی شەقامی کەنیسەی جێبەجێکرد و بە جارێک 42 داری تێدا چاند.

شەقامەکە ناوی زۆرە، بەهۆی بوونی ژمارەیەکی زۆر نووسینگەی کڕین و فرۆشتنی خانوبەرە تێیدا بەشێکی خەڵکی بە شەقامی نوسینگەکان دەیناسن، خەڵکەکەی دیکەش بە بازاڕی کەنیسە و بەشێکیش بە “سیکا دێری” ناوی دەبەن.

ماوەیەک لەمەوبەر سیما کۆنکرێتیە رەق و تەقەکەی شەقامەکە وا لە گەنجێکی زاخۆیی دەکات، لە رێگای ڤیدیۆیەکەوە شارەوانی لە وشک و برنگی شەقامەکە ئاگادار بکاتەوە و پێشنیار بکات خەمێکی لی بخۆن.

گەنجەکە ناوی شڤان عەبدوڵایە و پەیامنێری 964ە لە زاخۆ، لە ڤیدیۆکەیدا رووی لە سەرۆکی شارەوانییە و دەڵێت ئەم شەقامە پێویستی بە سەوزاییە، ئەویش راستەوخۆ بڕیاری سەوزکردنی دەردەکات.

یونس محەمەد، سەرۆکی شارەوانیی زاخۆ بە 964ی وت، “پێشنیارەکەتان جوانە و سیمایەکی جوانی بەخشیووە بە شەقامەکە”، تا ئێستا 42 دار لە شەقامەکە چێندراوە و بڕیارە چەند جۆرە گوڵێکیشی بۆ زیاد بکرێت.

دارەکان لە جۆری لاگسترۆم و چنارن، نرخی هەر دارێکیان لە نێوان 55 تا 80 هەزار دینارە.

بڕیاری یەکسایدکردنی شەقامی بازاڕی زاخۆ هەڵوەشایەوە

بڕیاری یەکسایدکردنی شەقامی بازاڕی زاخۆ هەڵوەشایەوە

بە قسەی فەلاح حەسەن، بەڕێوەبەری هۆبەی باخچەکانی زاخۆش، دارەکانی پێشتری شەقامەکە، کە بە هۆی گەرمای ئەمساڵەوە 10 دانەیان وشک بووە، بەم زووانە هەڵدەکەنرێن و لە بری ئەوان بە هەمان ژمارە داری نوێ دەچێندرێت.

دیاریکردنی رێژەی سەوزایی لە زاخۆ پێویستی بە لیژنەی تایبەتە، بەڵام بە هۆی بەردەوامی هەڵمەتەکانی چاندن لە ماوەی ساڵێکدا توانیومانە رێژەکە لە 3٪ەوە بۆ 5٪ بەرزبکەینەوە، فەلاح حەسەن وای وت.

پێداچوونه‌وه‌: به‌هره‌ محه‌مه‌دئه‌مین

500 دار لە ئیبراهیم خەلیل وشک بوون

500 دار لە ئیبراهیم خەلیل وشک بوون