لەگەڵ چەند زانکۆیەکی دیکە رێکەوتننامە واژۆ دەکەن
زانکۆی گەرمیان دەچێتە هیندستان
964+
توانا نەقی
زانکۆی گەرمیان لە چەندین بواری جیا بۆ چەند مەبەستێک رێککەوتننامەیەکی لەگەڵ زانکۆی دلهی لە هیندستان واژۆکردووە و دەیەوێت خوێندکارەکانی بنێرێتە ئەو وڵاتە.
رێککەوتننامەکە لە بوارەکانی ئاڵوگۆڕی زانستی، ئاڵوگۆڕکردنی ستافی کارگێڕی و ئەکادیمی، ئاڵوگۆری زانستی لەسەر ئاستی خوێندکاران و مامۆستایان و هەماهەنگی و بەشداری هەردوولا لە کۆنفرانس و سیمپۆزیۆمی هاوبەش و بەشداریکردنی خوێندکارانی هەردوولا لە کۆرەسە جیاوازەکاندا.
رێککەوتننامەکە بۆ ماوەی 5 ساڵە، شەش مانگ جارێک کۆبوونەوەی تایبەت بە شێوەی ئۆنلاین لە نێوان ئەو دوو زانکۆیە ئەنجام دەدرێت.
د.ئەحمەد عومەر بەڕێوەبەری پەیوەندییە ئەکادیمییە نێودەوڵەتییەکان و راگەیاندنی زانکۆی گەرمیان بە 964ـی وت، ماوەی ساڵێکە سەرقاڵی ئەو رێککەتنەن و ئێستا واژۆکراوە و سوودی زۆری دەبێت بۆیان لەبەر ئەوەی زانکۆی دلهی یەکێکە لە زانکۆ بەناوبانگەکانی جیهان.
وتیشی، ستافیان دەڕۆن لەوێ خول دەبینن و لە رووی کارگێڕییەوە سوود لە ئەزموونی ئەوان دەبینن، هەروەها خوێندکار دەنێرن بۆ ماوەی چوار مانگ کۆرس ببینێت لەو زانکۆیە.
جگە لە زانکۆی دلهی چاوەڕێدەکەن تا مانگی 12 و سەرەتای ساڵی نوێ لەگەڵ زانکۆی مۆسیا لە ئیسپانیا و هەروەها زانکۆکانی بەریتانیا رێکەوتنامە لە بوارە جیاوازەکاندا واژۆ بکەن گفتوگۆیان لەگەڵ کردووەن و شاندی زانکۆ دەچنە بەریتانیا.
زانکۆی دلهی هیندستان لە ساڵی 1922 دامەزراوە و زانکۆکە 16 فاکەڵتی و 86 بەشی هەیە و خاوەنی 91 کۆلێژی پیکهێنەرە و زیاتر لە 400 هەزار خوێندکار لە کەمپەکانیدان.