چەند گوندێک خەڵات کران

خنکانی گەنجێک بووەتە هۆکاری نزیکبوونەوەی خەڵکی دوو ناوچە

964+

فەهمی نەبی

مانگێک لەمەوبەر گەنجێکی خەڵکی پێنجوێن لە ئاوی بۆگدی سنووری گوندی گۆپتەپە خنکا و دوای ئەو رووداوە نزیکی و خزمایەتی لە نێوان خانەوادەی ئەو گەنجە و خەڵکی گوندی گۆپتەپە دروست بووە، رۆژی یەکشەممەش خانەوادەی کۆچکردوو خەڵاتیان بەخشییە خەڵکی گوندی گۆپتەپە و سێ گوندی دیکە و تیمی مەلەوانی ناوچەکە.

رۆژی 15.9.2023 گەنجێک بە ناوی مامۆستا ئارام کە خەڵکی پێنجوێن بوو، لەکاتی مەلەکردن لە ئاوی بۆگد خنکا و دوای پێنج رۆژ تەرمەکەی دۆزرایەوە، خانەوادەی مامۆستا ئارام بۆ ئەو ماندووبونەی خەڵکی ناوچەکەیان لەبیرنەکرد و خەڵاتی رێزلێنانیان بەخشی.

هێمن گۆپتەپەیی، خەڵکی گوندی گۆپتەپە بۆ 964 وتی، “رۆژی یەکشەممە بە دەیان کەس لە کەسوکاری مامۆستا ئارام و قایمقامی پێنجوێن سەردانی ناوچەکەیان کرد و لە گوندی گۆپتەپەیان کۆبووینەوە، نوێنەری گوندەکانی بۆگد، کانی بی، کلێسەش ئامادەبوون، خەڵاتی رێزلێنانیان بەخشی نوێنەرانی هەر چوار گوند”.

ئەوەشی وت، ئەوان بەناوی دانیشتوانی پێنجوێن ئەو خەڵاتەیان هێنابوو، پێزانینیان هەبوو بۆ ئەو ماندووبونەی ماوەی پێنج رۆژ خەڵکی ئەو ناوچەیە لەگەڵ دۆزینەوەی تەرمی مامۆستا ئارام بەخشیان”.

بەگوێرەی وتەی هێمن گۆپتەپەیی، ئەو خەڵاتەی بەخشرابوو بە گوندەکە لە کتێبخانەی گوندی گۆپتەپە دانرا.

بەپێی نەخشەی گوگڵ رێگای نێوان ئەو ناوچەیەی رووداوی خنکانی مامۆستا ئارامی لێی روویدا بۆ پێنجوێن 164 کیلۆمەترە و ماوەکەی دوو کاتژمێر و 37 خولەکە.

دوای پێنج رۆژ تەرمی مامۆستا ئارام دۆزرایەوە

دوای پێنج رۆژ تەرمی مامۆستا ئارام دۆزرایەوە