بەڵام تۆپباران نەوەستاوە
لە دوێنێوە هێرشی فڕۆکەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان تۆمار نەکراوە
964+
فەهمی نەبی
بەگوێرەی زانیاریەکانی “یەکینەکانی پاراستنی گەل” لەماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا سوپای تورکیا بەهاوەن و مەدفەعی و دۆشکە چەندین ناوچەی تۆپباران کردووە، بەڵام هێرشی فڕۆکە لە دوێنێوە وەستاوە.
ئەمڕۆ هەینی سیامەند عەلی، وتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) بۆ 964 قسەیکردووە و دەڵێت، لەدوێنێوە هیچ هێرشێکی فڕۆکەی تورکی لە ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان تۆمارنەکراوە، بەڵام بەچەکی جۆرا و جۆر تۆپباران بەردەوامە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی وتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی گەل بە 964ی داوە، تورکیا لە دوو رۆژی رابردوودا هەریەکە لە ناوچەکانی تل رەفعەت و گوندی عەین عیسا سێ سەربازی سوپای سوریا بریندار بوون، سێ گوندی دیکەی ناوچەکانی شەهبا تۆپباران کراون.
لەماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا هاوڵاتیانی جوتیارانی گوندەکانی ناوچەی شێراوا لەکاتی رنینی زەیتون لەناو کێڵگەی زەیتونەکانیان رووبەڕووی هەراسانکردن بوونەتەوە لەلایەن درۆنی دەوڵەتی تورکیا، ئەمەش بەپێی وتەی سیامەند عەلی.
لەرۆژی چوارشەممەی رابردووەوە، تورکیا زیاتر لە 180 ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان تۆپباران کراون و بەشی هەرە زۆریان وێستگەی کارەبا، قوتابخانە، وێستگەی ئاو و نانەواخانە و شوێنە خزمەتگوزارییەکان بوون، بەو هۆیەوە 45 کەس گیانیانلەدەستداوە و 50ی دیکەش بریندار بوون، ئەمەش بەپێی راگەیەندراوی هێزەکانی سوریای دیموکرات.
شەوی رابردوو جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هێرشەکانی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان گەورەترین مەترسیە لەسەر ناوچەکە.
بایدن ئەوەش دەڵێت، بەردەوامی هێرشەکانی تورکیا پرۆسەی لەناوبردنی داعش دوادەخات و ژیانی خەڵکی سڤیل دەخاتە مەترسیەوە.