یاریزانێک لەکاتی راهێنان.وێنە:964+
لە 75% لێخۆشبوونیان بۆ دەکرێت
کەی باجی سەر هۆڵە وەرزشییەکان جێبەجێدەکرێت؟
964+
توانا نەقی
دوای ئەوەی لە سەرەتای ئەم مانگەدا بەڕێوەبەریەتی گشتی وەرزش بڕیاریاندا باجی سەر هۆڵە وەرزشییەکان بە رێژەی 75% کەمبکرێتەوە، بڕیارەکە پێش سەری ساڵ بە تەواوەتی جێبەجێدەکرێت.
رۆژی 1.10.2023، بەڕێوەبەرایەتی وەرزش لە وەزارەتی رۆشنبیری بڕیاریدا باجی هەریەکە لە هۆڵەکانی لەشجوانی و هۆڵە وەرزشیەکان کەمبکرێتەوە.
سەردار ئیسماعیل بەڕێوەبەری گشتی وەرزشی هەرێم بە 964ـی وت، بڕیارەکە دەرچووە، بەڵام پێش سەری ساڵ باجی دەرامەت کە قوراسەی خۆی پێشکەش دەکات ئەو بڕیارەشی لەگەڵ دەبێت و دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
وتیشی، بە شێوەیەکی گشتی بڕی لێخۆشبوونەکە 75%ـە، بەڵام بە پێی کەسەکان و خاوەن هۆڵەکە دەگۆڕێت ئەگەر کەسەکە خێزاندار بێت و هێچ سەرچاوەیەکی تری داهاتی نەبێت بە رێژەیەکی زۆر لێخۆشبوونی بۆ دەکرێت، بەڵام ئەگەر سەرچاوەی داهاتی هەبێت و سەڵت بێت بە رێژەیەکی کەمتر دەبێت.
بەوتەی سەردار ئیسماعیل، ئەو پیشنیازە بۆ ئەوەیە لەبری گرنگیدان بە کردنەوەی کافتریای نوێ، زیاتر گرنگی بە هۆڵی لەشجوانی بدرێت، بۆئەوەی گەنجان روو لە کاری تەندروست بکەن.