شوێنە “نەشیاوەکانی” سلێمانی داخران

964+

هاوبەش ئەبوبەکر – سلێمانی

ڤیدیۆ

هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش لە سلێمانی هەڵمەتێکیان بۆ داخستنی “شوێنە نەشیاوەكان” لە سلێمانی دەستپێکرد و لە سەرچنار زیاتر لە حەوت شوێن داخران.

شەوی رابردوو لە راگەیەندراوێکدا، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان رایگەیاند، سەردانی گەڕەکی سەرچناری سلێمانی کرد و ژینگەی شێوێنراو و دوور لە بەها باڵاکانی کۆمەڵگەی کوردەواری بینیوە.

بافڵ جەلال تاڵەبانی دەڵێت، بەهۆی “شوێنە نەشیاوەکان” لە سەرچنار گلەیی و سکاڵای هاوڵاتیانی پێگەیشتووە و بڕیاریداوە بە داخستنی هەموو ئەو شوێنانەی دوورن لە ئایين، ئاکار و رەوشتی بەرزی کۆمەڵگەی کوردییەوە.

“سەرچنار یادەوەرییەکی شیرینی شارە حەیاتەکەیە و دەبێت بگەڕێتەوە بۆ ئەو سەردەمەی خێزانەکانی شار بۆ پشوو و کاتبەسەربردن روویان تێدەکرد و هەستیان بە ئارامی دەکرد،” بافڵ تاڵەبانی وای وت.