دیمەنی ناحیەی باوەنور.وێنە. سۆشیال میدیا
لە کاتی رنینەوە نزیکەی 200 کرێکار کاردەکەن
ئەمساڵ پێباز لە رووی کشتوکاڵەوە حەشر دەکات
توانا نەقی
ناحیەی پێباز “باوەنور” ئەمساڵ لە رووی بەرووبوومی کشتوکاڵییەوە بەرووبوومی جیاواز و زۆری هەبوو کە لە کاتی رنینیەوە رۆژانە هەلی کار بۆ دەیان کەس دەڕەخسێنێت.
دەشتەکانی پێباز بە دەیمەکار و ئاوییەوە کشتوکاڵی تیادا دەکرێت بە گەنم و جۆ و پاقلەمەنییەکان و شووتی دەچێندرێت.
پشدەر حسێن لێپرسراوی بەشی کشتوکاڵی پێباز بە 964ـی وت، ناحیەی پێباز بەشی زۆری بەرووبومی کشتوکاڵی گەرمیان دابین دەکات و جۆرە جیاوازەکانی بەرهەمی لێ بەرهەمدەهێنرێت.
وتیشی، لە کاتی رنینەوەی بەرهەم رۆژانە 150 – 200 کرێکار کاردەکەن و هەلی کاری باش دەڕەخسێنێت.
زەوییە دەێمەکارەکان گەنم و جۆی بە رێژەیەکی زۆر لێ بەرهەم دێت و ئەوەشی کە بە ئاوی کانیا و ناعورەکان دەکرێت پاقلەمەنییەکان و شوتی لێ بەرهەم دێت کە شوتی ئەمساڵی پێباز بۆ تام خۆشی و جوانی بە وتەی کڕیارەکان داویەتی بەلای شوتی پێنجوێندا، پشدەر حسێن وای وت.
لە رووی هاوکاری جوتیارەوە لەو سنوورە لێپرسراوی کشتوکاڵی پێباز دەڵێت: ئەوان تا بتوانن هاوکارییان دەکەن و لە دابینکردنی ئاوی ناعورەکان، بەڵام ناتوانن وەک پێویست پەین و کیمیایان بۆ دابین بکەن کە ئەوە ئەرکی حکومەتە.
ناحیەی پێباز سەر بە قەزای کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیانە و ژمارەی دانیشتوانەکەی زیاتر لە 10 هەزار کەسە.