رێنمایی نوێ دەرچوو

وادەی ناو تۆمارکردن بۆ حەج دەکرێتەوەو چەند رۆژێکی دیاریکراوە

964+

شیراز عەبدوڵا – هەولێر

وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی ڕێنمایەکانی ناونووسین بۆ پڕکردنەوەی فۆرمی وەرزی حەجی ساڵی 2024 راگەیاند، ماوەی پڕکردنەوەی فۆڕمەکە تەنیا 12 رۆژە و 15ی ئەم مانگە دەستپێدەکات و دەبێت لە ماوەی چوار رۆژدا فۆڕمەکە بگەڕێندرێتەوە.

شێخ نیاز راغب بەڕێوەبەری گشتی حەج و عومرەی هەرێم بە 964ـی وت “دەبێت ئامادەکارییەکان ، پێش سەری ساڵ تەواو بکرێت، چوار هەزار و 685 کەس پشکی هەرێمە بۆ حەجی ساڵی داهاتوو”.

ناوی هاوڵاتی بە فۆرمی تایبەت بۆ تیروپشکەکە تۆماردەکرێت دواتر تیروپشکیان بۆ دەکرێت، نابێ تەمەنی لە 18 ساڵ کەمتر بێت و دەبێت دانیشتووی هەرێمی کوردستان بێت، ناونووسینەکە بۆ یەک ساڵ دەبێت، هەر هاوڵاتیەک پێشتر حەجی کردبێت بە فیزای مامەڵەی بازرگانی بۆی نیە ناوی تۆماربکات.

بەگوێرەی رێنماییەکان هەر هاوڵاتیەک بیەوێت ناوی بنوسێت دەبێت فۆرمی خۆراک و کارتی زانیاری لابێت، هاوکات هاوڵاتیانی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەتوانن لە هەرێم ناویان تۆماربکەن بەو مەرجەی لە شوێنی دیکە ناویان تۆمار نەکردبێت، لەگەڵ ئەوەشدا هەر هاوڵاتیەک ئەگەر لە ساڵی 2017 ناوی تۆمارکردبێت پێویستی بە دووبارە ناونوسین نییە.

بەگوێرەی رێنماییەکان ئەو ژنانەی تەمەنیان لەسەرووی 45 ساڵە دەتوانن، بەتەنیا ناوی خۆیان تۆمار بکەن و پێویستیان بە کەسی یەکەمی خێزان نییە.

بەڕێوەبەری گشتی حەج و عومرەی هەرێم دەڵێت، هاوڵاتیانی قەزای شەقڵاوە، کۆیە ،ئاکرێ ،بەردەڕەش لە بەڕێوەبەرایەتی ئاوقافی قەزاکانیان ناویان تۆماردەکەن، هاوڵاتیانی پێنجوێن و سەیدصادق لە بەڕێوەبەرایەتی ئاوقافی سەیدصادق ناویان تۆماردەکەن.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی

ئەمساڵ لێرەوە ناوی خۆتان بۆ حەج بنووسن

ئەمساڵ لێرەوە ناوی خۆتان بۆ حەج بنووسن