کەریم عەلی بە کەفالەتی 10 ملیۆن دینار ئازاد کرا
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
دادوەری لێکۆڵینەوەی کەلار، بڕیاری دا بە ئازادکردنی کەریم عەلی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، بە کەفالەتی 10 ملیۆن دینار.
ئەمڕۆ یەکشەممە 8.10.2023، کاوە لەتیف پارێزەری دۆسیەکە بە 964ـى وت، “دەرکەوت ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ کەریم عەلی ناڕاستن، بۆیە بڕیاردرا بە ئازادکردنی تا رۆژی دادگاییکردنەکەی”.
ئەندامەکەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا، ئاماژەی بەوەکردبوو “لە مەرزی پەروێزخاندا کاری نایاسایی دەکرێت”.
کاوە لەتیف وتی، بەڕێوەبەری مەرزی پەروێزخان و بەڕێوەبەری گومرگی گەرمیان، سکاڵایان لەسەر کەریم عەلی تۆمارکردووە.
لە رێکەوتی 2.10.2023، کەریم عەلی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، لەسەر سکاڵای وەزارەتی دارایی و ئابووریی ھەرێمی کوردستان، دوای ھەفتەیەک لە دەستگیرکردنی، بە کەفالەتی 50 ملیۆن دینار ئازاد کرا، بەڵام هەمان رۆژ دەستگیر کرایەوە.
بە وتەی پارێزەرەکەی، ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەپێی مادەی دووی یاسای خراپ بەکارھێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی سکاڵای لەسەر تۆمار کراوە، “کە ھیچ لەگەڵ ئەو بابەتەدا ناگونجێت، دەبوو بە پێی یاسای 433ی عێراقی بۆ تەشھیر و ناوزڕاندن سکاڵای لەسەر تۆماربکرایە”.