لە ماوەی 20 رۆژدا
سێ ژن لە رۆژهەڵاتی کوردستان “بە بیانووی شەرەف” کوژراون
964+
پێشەوا محەمەد
لە ماوەی 20 رۆژی رابردوودا سێ ژن لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان “بە بیانووی شەرەف” کوژراون و رێکخراوی هەنگاو دەڵێت، دووانیان زۆر دڕندانە کوژراون.
رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کە چاودێری رەوشی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات دەڵێت، هایدە حەسەن زادە، کە ژنێکی تەمەن 16 ساڵی دانیشتووی شاری رەبەت بووە لە لایەن باوکییەوە دەست و قاچی بەستراوە و بلۆکێکی پێوە بەستراوە و خراوەتە ناو بەنداوی سەردەشتەوە و رۆژی 18.9.2023 تەرمەکەی دۆزراوەتەوە.
رێکخراوەکە دەڵێت، رۆژی 29.9.2023 فاتیمە محەمەد پەناهیی تەمەن 17 ساڵ و خەڵکی گوندی مارەغانی سەردەشت لە لایەن دوو زڕبرایەوە بە هەمان بیانوو دەکوژرێت.
باس لەوەش کراوە، 5.9.2023 ژنێک بەناوی شەهین ئیبراهیمزادە، تەمەن 21 ساڵ و خەڵکی گوندی “گەوەلان”ـی سەر بە شاری سەردەشت لە لایەن باوکی و مامێکییەوە کوژراوە.
بە پێی ئامارەکانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بێت، لە ماوەی حەوت مانگی سەرەتای ئەمساڵەوە 52 ژن لە ئێران کوژراون، زیاتر لە 20یشیان “بە بیانووی شەرەف بووە”.