لە ماوەی ساڵێکدا ٨٠ پرۆژەی پێشەسازی لە دهۆک جێبەجێکراون
964+
عەمار عەزیز – دهۆک
لیژنەی باڵای پێشەسازی زەوی بۆ ١٠ کارگەی پیشەسازی و ناوچەی پێشەسازی قەزای بەردەڕەش تەرخان کرد، سەرۆکی ژووری بازرگانی دهۆکیش دەڵێت”ئەم ساڵ مۆڵەت دراوە بە ٨٠ کەس بۆ دروستکرنی کارگە و پرۆژەی پێشەسازی جۆراجۆر لە سنووری پارێزگای دهۆک.
ئەیاد حەسەن، سەرۆکی ژووری بازرگانی دهۆک بە 964+ی وت، پارێزگاری دهۆک لە ١٩ ی کانونی یەکەم بڕیاریدا زەوی بۆ دروستکردنی ١٠ کارگەی پێشەسازی تەرخان بکات، دوو کارگە لەناوچەی کواشێ لەسنوری قەزای سێمێل دروست دەکرێن ، ئەوانەی دیکە دەکەونە سنوری قەزای بەردەڕەش و چەند شوێنێکی دیکە.
لە بارەی ناوەڕۆکی ئەو پرۆژانە ئەیاد حەسەن وتی، پرۆژەکان پێکدێن لە کارگەکانی بەرهەمهێنانی گەچ و بۆیاغ، مەلەوانگەی فایبەر کلاس، کورسی و سەیوانی باخچەکان، دروستکردنی دۆشەک و بالیف، کەرەستەکانی بیناسازی، ئیزوگام و فلینکۆت، دوورینی جلوبەرگ، بەرهەمهێنانی فلین و دیکۆری خانوو لەگەڵ بۆری پلاستیک.
وتیشی، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تا ئێستا موڵەتی دروستکردنی ٨٠ کارگە و پرۆژە پێشەسازی بە وەبەرهێنەران دراوە، ئەو پرۆژانە لەهەموو بوارێکن بەتایبەت خواردن و بیناسازی و رۆنی ئۆتۆمبێل.