دیمەنی پاش بۆردومانەکەی گوندی لێرە _ وێنە: 964
فرۆکە بۆردومانی کردووە
لە شێروان مەزن کارەبای 10 گوند بڕاوە
964+
هیڤی دێوالی – دهۆک
بەهۆی بۆردومانی فرۆکەوە، کارەبای نیشتیمانی 10 گوندی شێروان مەزن بڕاوە، 964 بەدواداچوونی کرد و بۆی دەرکەوت، “هۆکارەکەی تێکچوونی محاویلەیەکی کارەبا بووە کە ناوچەیەکی نزیکی بۆردومان کراوە”.
بۆردوومانەکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی روویداوە، کارەبای هەریەک لە گوندەکانی، (لێرە – سنونێ-سێلکێ- سپیندار -کوران- توفکرکە- گویزی – بنڤی- دزو – سومێ) بڕاوە.
سەدیق لێرەی، هاوڵاتییەکی دانیشتووی گوندی لیرە بە 964ـی وت، “دەنگێکی بەرز لە گوندەکەیان بیسترا و لەگەڵیشیدا کارەبایان بڕاوە، و پاشان لە نزیک محاویلەی گوندەکەیان پاشماوەی بۆمبیان بینیوە، کە محاویلەکەی لە کار خستووە”.
بە وتەی ئەو هاوڵاتیە بێت، کارەبای نیشتیمانی لە شەوی رابردووە بڕاوە، بەڵام دانیشتووانی ئەو گوندانە بۆ کارەبا سوود لە مۆلیدەی ئەهلی وەردەگرن.
پەیامنێری 964 چەند جارێک پەیوەندی بە بەڕێوبەری ناحیەی شێروان مەزن کرد لە قەزای مێرگەسور، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەکانی نەدایەوە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا