” رسوماتی تۆمارکردنی ئۆتۆمبێل و دەرهێنانی مۆڵەت وەک خۆیەتی”
+964
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
هاتوچۆی گشتیی هەرێم هیچ پلانێکی نییە رسوماتی تۆمارکردنی ئۆتۆمبێل و دەرهێنانی مۆڵەت کەم بکاتەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە هاتوچۆی گشتیی عێراق سەرقاڵی کەمکردنەوەی ئەو رسوماتانەیە.
تاریق روبەیعی، بەڕێوەبەری گشتیی هاتوچۆی عێراق لە راگەیەندراوێکدا کە ١٩ــی ئەم مانگە بڵاو بووەتەوە رایدەگەیەنێت، لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لیژنەیەکیان بۆ کەمکردنەوەی رسوماتی تۆمارکردنی ئۆتۆمبێل و دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری پێکهێناوە.
لە هەرێمی کوردستان رسوماتی تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلی تایبەت ١٨٧ هەزار دینارە، بە پێ هەژمارکردنی ئەو پارانەی بە پێی ژمارەی پستۆنی ئۆتۆمبێلەکە و مۆدێلاتە تایبەتەکان وەردەگیرێت.
هەروەها رسوماتی دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆی هەرێم ٦٥ هەزار دینارە.
ئەسعەد مەلا کەریم، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی هەرێم بە +964ـی راگەیاند: لە هەرێم تازە نرخی نوێ و سیستمی نوێ بۆ تۆمارکردن و دەرهێنانی مۆڵەت داندراوە و جگە لەوانە هیچ وردەکارییەکەی دیکە نییە.
“عێراق و هەرێم دوو یاسای تایبەت بە هاتوچۆی خۆیان هەیە و بڕیارەکانی هاتوچۆی عێراق، هەرێم ناگرێتەوە”، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی هەرێم وای وت.