فۆرمی ئەلیکترۆنی

بایی چوار مانگ به‌شه‌خۆراك له‌ كۆگاكان به‌رده‌سته‌

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی كارتی ئه‌لیكترۆنیان بۆ به‌شه‌خۆراكی مانگانه‌ به‌ده‌ستهێناوه‌ ئاشكرا كرا، هاوكات وه‌زاره‌تی بازرگانیی عێراق ده‌ڵێت، بایی چوار مانگ به‌شه‌خۆراكی مانگانه‌ی هاوڵاتیان له‌ كۆگاكان به‌رده‌سته‌.

وەزارەتی بازرگانی ژمارەی ئەو هاوڵاتیانەی ئاشکرا کرد، کە کارتی ئه‌لیكترۆنیی بەشەخۆراکی مانگانه‌یان تۆمار کراوە، هاوکات ئاماژە بەوە دەکات کە بڕی بەردەستی سەبەتەی خۆراکی ناو كۆگاكانیان بەشی چوار مانگە.

وتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق موسه‌ننا فرێجی بۆ ئاژانسی هه‌واڵی عێراق ژمارەی ئەو خێزانانەی ئاشكرا كرد، كه‌ تا 28.9.2023 سەردانی سایتەکانی نوێکردنەوەی فۆرمی ئه‌لیكترۆنی خۆراكیان کردووە، كه‌ بەسەر پارێزگاکاندا دابەشکراون و به‌م جۆره‌یه‌: پارێزگای نەجەف (365,241) خێزان، بە رێژەی 97%، دهۆک (271,246) خێزان، بە رێژەی 96%، کەرکوک (367,247) خێزان، بە رێژەی 93%، موسه‌ننا (185,616) خێزان، 93%، پارێزگاری بەغدا، به‌شی کەرخ، لقی دابینکردنی ئەلموتەنەبی (183,368) خێزان، 72 %، لقی دابینکردنی (محه‌مه‌د د.خ) (245,397)، 72%، لقی دابینکردنی سەید ئەلشوهه‌دا (272,274) به‌ رێژه‌ی 75%.
ئاماژەی بەوەش کرد، “کۆی گشتیی ئه‌وانه‌ی له‌ دەرەوەی عێراقن و سه‌فه‌ریان كردووه‌، گەیشتووه‌ته‌ (49 هەزار و 684) كه‌س، كه‌ تۆماره‌كانیان بلۆک کراوه‌، هاوکات کۆی ژمارەی مردووەکان گەیشتووەتە (101 هەزار و 194) کەس و پشکەکەیان سڕاوەتەوە”.
وته‌بێژی وه‌زاره‌تی بازرگانیی عێراق چوارشەممە بۆ ئاژانسەکە قسەی کردووە و دووپاتی دەکاتەوە، بایی چوار مانگ به‌شه‌خۆراكی مانگانه‌ی هاوڵاتیان له‌ كۆگاكان ئاماده‌یه‌ و به‌رده‌سته‌.