شارەوانییش گلەیی هەیە

دوو گەڕەکی خورماتوو رووبەڕووی قوڕولیتە دەبنەوە

964+
سیروان خورشید – خورماتوو

دانیشتووانی هەردوو گەڕەکی (عەسکەری و تین) لە خورماتوو، داوای قیرتاوکردنی گەڕەکەکانیان دەکەن، سەرۆکی شارەوانی ئەو قەزایەش دەڵێت، “ئامێر و کرێکاریان کەمە”.

بە گوێرەی سۆراغی پەیامنێری 964 لەو قەزایە، زۆرینەی گەڕەکەکان خۆڵن، وەرزی بارانبارینیش دەبێت بە قوڕولیتە، لە هەندێک لە کۆڵانەکانیش ئاو کۆدەبێتەوە.

عەدالەت میعاد، هاوڵاتییەکی گەڕەکی عەسکەرییە و بە 964ی وت، لە وەرزی زستاندا گەڕەکەکەیان رووبەڕووی سەختیی هاتوچۆکردن دەبێتەوە، چونکە هیچ پڕۆژەیەکی قیرتاوکردن یان ئاوەڕۆیان بۆ نەکراوە، هەر لەگەڵ دابارینی یەکەم باراندا لافاو لە گەڕەکەکانیان دروست دەبێت و زیان بەر زۆرینەی ماڵەکانیش دەکەوێت.

بە وتەی ئەو هاوڵاتییە بێت، بەهۆی قوڕولیتە لە گەڕەکەکەیاندا، ئاستەنگ بۆ هاتوچۆی منداڵان بۆ چوونە قوتابخانە دروست دەبێت، وتیشی، “هەردوو گەڕەکی (عەسکەری و تین) لە چاو گەڕەکەکانی دیکەی قەزاکە نزمترن، بۆیە ئەمەش وادەکات ساڵانە لە وەرزی زستاندا زووتر لافاو دروست ببێت”.

"مۆلیدە ئەهلییەکانی دوزخورماتوو پارەی زیادە وەردەگرن"

964 پەیوەندی بە مەرعی رەشید، سەرۆکی شارەوانیی خورماتووە کرد و رایگەیاند، “هەوڵمانداوە کێشەی خزمەتگوزارییەکانی ئەو دوو گەڕەکە چارەسەر بکەین، بەڵام کەمیی کرێکار و ئامێری کارکردن وایکردووە کارەکانمان زۆر بە سستی جێبەجێ ببن”، وتیشی، “بڕی یەک ملیار و نیو پارە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوەڕۆ و قیرتاوکردن و تەواوی خزمەتگوزارییەکانی دیکەی ئەو دوو گەڕەکە خەرجکراوە بۆ تەواوکردنی”.

سەرۆکی شارەوانیی خورماتوو، وتیشی، “نیگەرانین لە بەڕێوبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی عێراق، کە وەک پێویست هاوکارمان نین لە بەجێگەیاندنی خزمەتگوزارییەکان بۆ قەزای خورماتوو، لە هەوڵداین تا بتوانین پێش سەری ساڵ کێشەی خزمەتگوزاری ئەو دوو گەڕەکە چارەسەر بکەین”.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا