لە کەرکوک داعش پەلاماری سوپای عێراقی دا و کوژراو هەیە

964+

کاروان ساڵح – کەرکوک

ئەمشەو لە قۆڵی باشور و رۆژئاوای کەرکوک، چەکداری نەناسراو پەلاماری سوپای عێراقیان داوە کە پێدەچێت داعش بن، بە وتەی سەرچاوەیەکی هەواڵگریی بۆ 964+، سەربازێکی سوپا کوژراوە و دووانی دیکە بریندارن.

سەرچاوەیەكی هەواڵگریی سەربازی لە سوپای عێراق تایبەت بە 964+ی وت، “كاتژمێر 9:30ی ئەمشەو، تیرۆریستانی داعش لە چیای قەرەبوتك لە سنوری ناحیەی سەرگەڕان لە رۆژئاوای كەركوك بۆمبێكی چێندراویان بە هەمەرێكی سەربازی سەر بە فەوجی سێ لیوای 51ی فیرقەی 14ی سوپای عێراق تەقاندووەتەوە”.

 دوابەدوای ئەوە بە چەكی قورس و سوك هێرشكراوەتە سەر رەبییەكی ئەو هێزە لەو ناچەیە و روبەروبوونەوەیەكی قورس روویداوە و تاوەكو ئێستا بەردەوامە.

سەرچاوەكە وتیشی، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان كوژراوێك و دوو بریندار هەیە لەناو سوپا.

بەپێی زانیارییەکان، سنوری پەلاماردانەکە دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی ژووری ئۆپراسیۆنی سەڵاحەدین و لە ئێستادا هێزی زیاتر بە هانای سوپا رۆشتووە.