55 كیلۆمه‌تر

هه‌ولێر رووبه‌ڕووی لافاو ده‌بێته‌وه‌

+964
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

له‌ هه‌ولێر ئاماده‌كاری ده‌كرێت بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانی لافاو له‌ وه‌رزی زستان و بارانباریندا.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 30.9.2023 ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر رایگه‌یاند، ئاماده‌كارییه‌كان بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی لافاو له‌ هه‌ولێر چڕكراوه‌ته‌وه‌ و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش 55 كیلۆمه‌تر له‌ كه‌ندی سروشتی پاك ده‌كرێته‌وه‌، كه‌ ده‌بێته‌ رێڕه‌وێك بۆ ده‌رچوونی ئاو له‌ شاره‌كه‌، هه‌روه‌ها كۆڕنیشی ده‌وروبه‌ری هه‌ولێر پاك ده‌كرێته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی یارمه‌تیده‌ر بێت بۆ چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی ئاو و دروستنه‌بوونی لافاو.

ئومێد خۆشناو رایگه‌یاند، ئه‌و پرۆژه‌یه‌ ماوه‌ی مانگێكه‌ له‌ سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانیی هه‌ولێر ده‌ستپێكردووه‌ و به‌ گوژمه‌ی 410 ملیۆن دینار له‌سه‌ر بودجه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاو و ئاوه‌ڕۆی هه‌ولێر جێبه‌جێ ده‌كرێت.

“له‌ ناو شاریش هه‌ڵمه‌تی پاككردنه‌وه‌ی مه‌نهۆڵ و ئاوه‌ڕۆكان ده‌ستپێكردووه‌ و هه‌موو هه‌وڵێك ده‌درێت بۆ ئه‌وه‌ی لافاو له‌ هه‌ولێر دروست نه‌بێت”، پارێزگاری هه‌ولێر وا ده‌ڵێت.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا، گه‌ره‌نتی نییه‌ لافاو دروست نه‌بێت، به‌ڵام گرنگه‌ بتوانن زیانه‌كانی كه‌مبكه‌نه‌وه‌ و رێگری له‌ دروستبوونی مه‌ترسی بكه‌ن.

شه‌وی 17.12.2021 لافاو چه‌ند شوێنێكی شاری هه‌ولێری گرته‌وه‌، به‌ هۆیه‌وه‌ 12 كه‌س گیانیان له‌ ده‌ست دا و زه‌ره‌ر و زیانێكی زۆری به‌ ماڵ و ئۆتۆمبێل و كه‌لوپه‌لی هاوڵاتیان گه‌یاند، به‌ جۆرێك دوو هەزار و 509 خێزان ئاو چووە ماڵەکانیان، هەروەها 402 خانوو زیانیان بەرکەوت و دیوارەکانیان رووخا، یان دەرگا و پەنجەرەکانیان تێکچوو، 867 ئۆتۆمبێل زیانیان بەرکەوت، کە ژمارەیەکیان ئۆتۆمبێلی حکومی بوون لە کاتی چوونیان بۆ هاوکاریکردنی خەڵک کەوتوونە ژێر ئاو، جگه‌ له‌وه‌ 153 دوکان و مارکێت و کارگە و پێشانگای ئۆتۆمبێل و گەراج زیانیان بەرکەوت، هەروەها زیان بەر ژمارەیەکی زۆر زەوی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری کەوت، به‌ گوێره‌ی ئامار و تۆماری لایه‌نه‌ فه‌رمییه‌كانی ئیداره‌ی خۆجییه‌تی هه‌ولێر، زیانی مادیی لافاوه‌كه‌ 21 ملیار دینار بوو.

لەترسی لافاو کەندێکی شەش کیلۆمەتری لە هەولێر پاکدەکرێ...

لەترسی لافاو کەندێکی شەش کیلۆمەتری لە هەولێر پاکدەکرێتەوە