پێنەدانی موچە و بایکۆت بوونە هۆی گیانلەدەستدانی سێ کەس
964+
محەمەد عومەر
دایک و باوکی یوسفی دوو مانگان ئەو چرکەساتە دەگێڕنەوە کە یوسف حاڵی تێکچووە و بەپەلە بردوویانە بۆ نەخۆشخانەی شەهید شەوکەتی سەیدسادق، بەڵام کەسی لێنەبووە بێت بەدەمیانەوە و هەر ئەوەش بووە بۆی گیانلەدەستدانی منداڵەکەیان.
باوکی یوسفیش دەڵێت، سکاڵا لە کێ بکەین، خۆ کارمەندی داماو دوو مانگ جارێکیش معاشێکی نادەنێ؟
لە سەیدسادقەوە کەوتینەڕێ بۆ قەزای شارەزوور. لێرەش دوێنێ شەممە، گەنجێک تووشی رووداوی هاتوچۆ بووە و کە بردوویانەتە نەخۆشخانە کارمەندی لێنەبووە بەهانایەوە بچێت و گیانی لەدەستداوە.
هەر ئەم دوانە نین، رۆژی 17ـی ئەیلول، کچێک لە رانیە تووشی خوێنبەربوونی مێشکی بووە و کە بردوویانەتە نەخۆشخانە دکتۆری تایبەتی تێدا نەبووە فریای بکەوێت.
ئەم رووداوانە بوونە هۆی ئەوەی ئەمڕۆ یەکشەممە، تەندروستی سلێمانی بڕیاریدا بەپەلە بەشی فریاکەوتن لە سەرجەم نەخۆشخانە و مەڵبەند و بنکە تەندروستییەکانی پارێزگاکە بکاتەوە.