ترێ ره‌شمیرییه‌كه‌ى ماویلیان بێناز بوو

گۆڕانى كه‌شوهه‌وا ترێی ره‌شی گونده‌كانى رواندزی كه‌مكردووە

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

به‌پێی به‌دواداچوونه‌كانى 964، ئه‌مساڵ له‌ گونده‌كانى سنوورى رواندز، دۆخى ترێ زۆر خراپه‌، كشتوكاڵى ئه‌و قه‌زایه‌ش هۆكاره‌كه‌ى ئاشكرا ده‌كات‌.

له‌ زۆربه‌ى گونده‌كانى سنوورى رواندز باخى ترێی جۆراو جۆر هه‌ن، به‌ڵام هه‌ردوو گونده‌كه‌ى گه‌ره‌وان و ماویلیان به‌ترێی ره‌ش ناودارن و به‌تایبه‌تیش ترێیه‌ ره‌شمیرییه‌كه‌ى گوندى ماویلیان ناوبانگێكی فراوانى هه‌یه‌.

964 ئه‌و كێشه‌یه‌ى گه‌یانده‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى كشتوكاڵى قه‌زاى رواندز، په‌یام دڵدار به‌ڕێوه‌به‌رى كشتوكاڵ، ئه‌وه‌ى دووپاتكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مساڵ به‌رهه‌می ترێ له‌سنووره‌كه‌یان وه‌ك پێویست نیه‌، هۆكاره‌كه‌شی بۆ گۆڕانى كه‌شوهه‌وا گه‌ڕانده‌وه‌ كه‌ كاریگه‌رى راسته‌وخۆى له‌سه‌ر كه‌مبوونه‌وه‌ى ئه‌م به‌رهه‌مه‌ هه‌بووه‌.

وتیشی “سه‌ره‌ڕاى خراپی به‌رهه‌مى تری له‌سنووره‌كه‌مان به‌ڵام له‌ فێستڤاڵى ئه‌مساڵى سۆران ترێى گوندى ماویلیان یه‌كه‌م بوو”.

په‌یام ئه‌وه‌شی ئاشكراكرد، كه‌ تا ئێستا هیچ جوتیارێك سه‌ردانى نه‌كردوون بۆ كێشه‌ى كه‌مبوونه‌وه‌ى به‌رهه‌مه‌كانیان، به‌ڵام وتیشی “ئێمه‌ش وه‌ك كشتوكاڵ چه‌ند ساڵێكه‌ نه‌مانتوانیوه‌ ده‌رمان و پێداویستى تایبه‌تى كشتوكاڵیان بۆ دابین بكه‌ین”.

به‌پێی زانیارییه‌كانى 964 ئه‌مساڵ له‌ گوندى گه‌ره‌وان كه‌ یه‌كێكه‌ له‌و گوندانه‌ى سنوورى رواندز زۆرترین به‌رهه‌مى ترێى هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌مساڵ له‌ 200 تۆن به‌رهه‌مه‌وه‌ هاتووه‌ته‌ سه‌ر ته‌نیا پێنج تۆن به‌رهه‌م.

به‌پێی ئه‌و ئاماره‌ى كه‌ 964 له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى كشتوكاڵى رواندز ده‌ستیكه‌وتووه‌، له‌ سنوورى قه‌زاكه‌دا سێ هه‌زار و 473 دۆنم زه‌وى له‌ باخ و ره‌زى ترێ بونیان هه‌یه‌ و ساڵانه‌ به‌شێوه‌ ئاساییه‌كه‌ى نزیكه‌ى هه‌شت هه‌زار تۆن به‌رهه‌م ده‌هێنن.

به‌ڕێوه‌به‌رى كشتوكاڵى رواندزیش ئه‌وه‌ روونده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌مساڵ به‌هۆى كێشه‌ى گۆڕانى كه‌شوهه‌واوه‌ له‌سنووره‌كه‌یاندا ته‌نیا هه‌زار و 500 تۆن به‌رهه‌مى ترێیان ده‌بێت.