یەکێک لە هاوڵاتییە رزگارکراوەکان لەگەڵ تیمی بەرگری شارستانی کۆیە - وێنە: بەرگری شارستانی کۆیە
لە کۆیە دوو هاوڵاتی لە خنکان رزگار کران
964+
پێشەوا محەمەد
لە سنووری ناحیەی تەقتەق لە قەزای کۆیە دوو هاوڵاتی لە ئاوی زێی بچووکدا و لە دوو کاتی جیادا لە خنکان رزگار کران.
هەردوو کەسەکە بە مەبەستی گەشت و سەیران لە کەرکوکەوە چووبوونە ئەو ناوچەیە.
رووداوی یەکەمیان کاتژمێر 9:20 خولەک و دووەمیشیان کاتژمێر 11:00ـی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، 22.9.2023 بوون.
عەمید گۆران، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی کۆیە بە 964ـی وت، هیچ کام لەو دوو کەسە مەلەیان نەزانیوە و چوونەتە ئاوەکەوە و تیمەکانی فریاکەوتن راستەوخۆ رزگاریان کردوون.
وتیشی، “ئەمساڵ لە سنوورەکەیان شەش حاڵەتی خنکان و 23 حاڵەتی رزگارکردن لە خنکانیان هەبووە”.
بە پێی ئەو ئامارەی 964 بەدەستی هێناوە، ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 80 کەس خنکاون.