دهۆک.. هونەرمەندێک لەسەر بڵاوکردنەوەی پارچە شیعریک دەستگیر دەکرێت
+964
عەمار عەزیز
ماوەی چوار مانگە هونەرمەند بڵند نەبی ئامێدی، لەسەر بڵاوکردنەوەی پارچە شیعرێک دەستگیر کراوە کە بۆ زیندانیانی بادینان وتوویەتی. براکەی دەڵێ؛ نامانەوێت قسە لەسەر کەیسەکە بکەین تا بە خراپە لەسەری نەکەوێت.
بڵند نەبی ئامێدی، هونەرمەندێکی پارێزگای دهۆکە پێش ماوەیەک پارچە شیعرێک لەسەر زیندانیانی بادینان لە ئەکاونتی خۆی بڵاودەکاتەوە، دوای ئەوە لەلایەن ئاسایشی دهۆکەوە دەستگیردەکرێت و، بەپێی مادەی دووی خراپ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ ماوەی شەش مانگ حوکم دەکرێت.
چەلەنگ نەبی، برای هونەرمەند بڵند، بە +964ـی وت “براکەم بۆماوەی شەش مانگ حوکمدراوە، چوار مانگە لە چاکسازی زرکایە لە دهۆک، دوو مانگی ماوە ئازاد بکرێت، ئێمە نامانەوێت زۆر قسە لەسەر بابەتەکە بکەین تا بەخراپە بۆ براکەم نەگەڕێتەوە، سەرەتا کە دەستگیرکرا لە میدیا و زۆر شوێنی تر قسەمان کرد، هیچ سوودی نەبوو، بە پێچەوانەوە بەخراپی بۆ براکەم گەڕایەوە”.
بەشدار حەسەن، پارێزەی دۆسیەی زیندایانی بادینان بە +964ـی وت “بڵند نەبی ئامێدی، هونەرمەندێکی شاری دهۆکە پێش چوار مانگ پارچە شیعرێکی لەسەر زیندانیانی بادینان لە ئەکاونتی خۆی بڵاودەکاتەوە، لە بەشێکی پارچە شیعرەکەی رەخنە لە دەزگا ئەمنییەکان دەگرێت، دواتر دەستگیر دەکرێت، بەتۆمەتی خراپ بەکارهێنانی توڕە کۆمەڵاتیەکان بۆماوەی شەش مانگ حوکم دەدەرێت.”
زیاتر وتی ” لە یەکی ئابی٢٠٢٢، ھونەرمەند بڵند نەبی ئامێدی، لەلایەن ئاسایشی پارتییەوە دەڕفێرنرێت و دوای ھەفتەیەک بە مەرجی بێدەنگ بوون ئازادی دەکەین، بەڵام ناوبراو لەسەر ئەو زۆڵمەی بەرانبەری کراوە بێدەنگ نابێت، بۆیە دووبارە دەزگا ئەمنیەکانی پارتی لە ٩ـی ئابی دووبارە بە شێوازێکی ناشارستانی دەیڕفێنین”.