وەزیری کشتوکاڵی عێراق چی بە جوتیارەکانی پێنجوێن وت؟

964+
محەمەد عومەر- پێنجوێن

دوو هەفتەیە، جوتیارانی پێنجوێن هاواریان لێهەستاوە کە بەروبوومی کشتوکاڵی و تایبەت تەماتە لە دەرەوە هاوردە نەکرێ، وەزیری کشتوکاڵی عێراق بە مەرجی پڕکردنەوەی پێویستی ناوخۆ، دەچێتە ژێرباری ئەو داواکارییەیان.

رۆژی دووشەممە 18.9.2023، رێگەی سەرەکی پێنجوێن بۆ سلێمانی لە شاخی ملەکەوە، بۆ ماوەیەک لەلایەن جوتیارانەوە داخرا، پێشتریش لە نزیک دەروازەی سەیران بەن جوتیاران چەندین سندوق تەماتەیان لەسەر شەقامە سەرەکییەکە رۆکرد.

سەرەرای ئەمەش، بەیانی ئەمرۆ ژمارەیەک جوتیاری پێنجوێن گەیشتنە بەغدا و لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵی عێراق کۆبوونەوە، بەوتەی نوێنەرەکەیان بێت کە قسەی بۆ 964 کردووە، “وەزیر پێی وتون ئەگەر ئەم مەرجانە جێبەجێکەن نایەڵم، یەک دنک تەماتە لە دەروازە سنوریەکانەوە داغڵ ببێت”.

کێشەی جوتیارەکان داخستنی بەکراوەی مانەوەی دەروازەکان بوو، کە لەوڵاتی ئێرانەوە بەروبووم هاوردە دەکرا و کاریگەری لەسەر ساغبوونەوەی بەرهەمی جوتیارانی ناوخۆ دروست کردبوو، ئەمرۆ سێشەممە 19.9.2023، ئارام ملکی، نوێنەری جوتیارانی پێنجوێن لە بەغداد بە964ی وت، “وەزیری کشتوکاڵی عێراق پێی وتین بە مەرجێک رازی دەبین، کە تەماتە و پەتاتەی پێنجوێن بتوانێت پێویستی ناوخۆ پڕبکاتەوە”.

هەروەها، “وەزیری کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵێن بدات، بڕی پێویستی تەماتە و پەتاتە لە ناوخۆ پڕ بکەنەوە، ئەوانیش هەڵدەستین بە قەدەغەکردنی هاوردەکردنی تەماتە و پەتاتە، لە سەرجەم مەرزەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق”.

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 19.9.2023، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵی هەرێم لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە دوێنێ دووشەممەوە بڕیاریانداوە هاوردەکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، بەتایبەتی تەماتە، لە ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە بۆ هەرێم قەدەغە بکرێت.

لەبارەی هۆکاری داخستنی دەروازەکان، بێگەرد تاڵەبانی بەغدای تۆمەتبار کرد بەوەی پابەندی رۆژمێری کشتوکاڵی نێوانیان نابێت.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

جووتیاران رێگەی ملەکەوەی پێنجوێنیان گرتووە

جووتیاران رێگەی ملەکەوەی پێنجوێنیان گرتووە