یاریزانانی زاخۆ 15 رۆژ لە تورکیا دەبن

964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

وەک ئامادەکاری بۆ خولی پیشەگەرانی عێراق، یاریزانانی زاخۆ بۆ ئەنجامدانی کەمپێکی مەشق و راهێنانی 15 رۆژی، روویان کردە وڵاتی تورکیا.

بڕیارە مانگی 10ی ئەمساڵ، خولی پیشەگەرانی عێراق دەستیپێبکات، پێش دەستپێکردنی خولەکە یانەی زاخۆ ئامادەکاری ئەنجامدەدات، بۆ ئەو مەبەستەش رووی کردە وڵاتی تورکیا و 15 رۆژ لە شاری ئەنتاڵیا دەمێننەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە 19.9.2023، دڵژار عەدنان، ئەندامی دەستەی کارگێری یانەکە بە 964ی وت، “تیمەکەمان بە سەرجەم یاریزانەکان جگە لە ئەمجەد عەتوان ئێستا لە تورکیان و کەمپێکی مەشق و راهێنان ئەنجامدەدەن”، لەبارەی هۆکاری بەشدارینەکردنی ئەمجەد عەتوان وتی، “ئێستا ئەو لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق لە وڵاتی ئوردنە بۆ بەشداریکردن لە قارەمانێتییەک”.

دڵژار عەدنان وتیشی، “ئەم ساڵ لە خولی پیشەگەرانی عێراق، رکابەرێکی توند لەلایەن یانە بەشدارەکان دەکرێت ئێمەش ئامادەکاری تەواومان کردووە و زیاتر لە 25 گرێبەستمان ئەنجامداوە، بەمەش جەماوەری زاخۆ ئەمساڵ دڵخوش دەکەین”، زاخۆ لە ساڵی 1989 تائێستا، هیچ جارێک نەبووە بە قارەمانی خولی عیراق.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا