سەعاتی سفر هات… ئێران چی دەکات؟

964+
ژووری هەواڵ

بە گوێرەی رێکەوتنی بەغدا و تاران، لە پاش کاتژمێر 12ـی شەوی 18ـی ئەیلولی 2023، نابێت هێزە چەکدارە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر سنوورەکان مابنەوە، ئەگینا ئێران دەڵێت، دەستیان لێناپارێزێت و دێتە ناو خاکی هەرێم و کەمپەکانیشیان بۆردمان دەکات.

هەر بۆ ئەو مەبەستە، ئەمڕۆ قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە هەولێر بوو، تا بزانێت ناوچە سنوورییەکان بە تەواوی چۆڵ کراون یان نا؟

تا ئێستا حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان وتوویانە هێزیان لەسەر سنوورەکان گواستووەتەوە و هۆکارەکەشیان بۆ “تێکنەدانی سەقامگیری هەرێمی کوردستان” گەڕاندووەتەوە.

بەڵام ئێران بە نیازی چییە؟

ئەگەرچی هەندێک دەڵێن، ئێران هێرش دەکات و خراپتر لە جارەکانی پێشوو تۆپبارانی ئەو ناوچانە دەکات، کە حزبەکانی رۆژهەڵات تێیاندا جێگیر بوون، بەڵام وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ناسر کەنعانی وا ناڵێت.

کەنعانی ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا وتی، “سبەینێ سێشەممە کاتی رێکەوتنەکەمان لەگەڵ عێراق تەواو دەبێت، لە سبەینێوە بەدواداچوون دەکەین بۆ ئەوەی دڵنیاببینەوە و بزانین عێراق هەموو بەڵێنەکانی خۆی بردووەتەسەر یان نا؟”.

ئەگەرچی میدیاکانی نزیک لە سوپای پاسداران بڵاویانکردووەتەوە، سوپا زرێپۆش و کەلوپەلی سەربازی هێناوەتە سەر سنووری هەرێمی کوردستان، بەڵام بە گوێرەی قسەکانی کەنعانی بێت، ئەگەر هێرشیش بکرێتە سەر ئەو حزبانە، ئەوا بەم خێراییە نابێت و کاتی دەوێت تا بەدواداچوون دەکەن.